باوكی ئه‌و منداڵه‌ی جیهانی هه‌ژاند ده‌یه‌وێ ته‌رمی منداڵه‌كه‌ی له كۆبانی بنێژرێ

تورکیا ــKDP.infoــ باوكی منداڵه خنكاوه‌كه‌ی ده‌ریای بۆدروم داوا ده‌كات كه ته‌رمی كوڕه‌كانی و خێزانه‌كه‌ی له كۆبانی بنێژرێن، چونكه ئه‌وێ خاكی باپیرانیانه.
دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی منداڵێكی كورد به ناوی (ئایلان) له كه‌نار ده‌ریای بۆدروم كه ته‌مه‌نی ته‌نیا 3 ساڵان بوو، ویژدانی مرۆڤایه‌تی هێنایه هه‌ژان، عەبدوڵای باوكی (ئایلان) وای بە ڕۆژنامه‌ی (سۆل)ـی توركیا ڕاگەیاند: "جگه له (ئایلان) كوڕێكی 5 ساڵان و (ره‌یحان)ـی هاوسەریشم خنكاون، داوکارم ته‌رمه‌كەیان له كۆبانێ بنێژرێت چونكه ئه‌وێ زێدی خۆیانه."
(تیما كوردی)، پووری (ئایلان) كه له كه‌نه‌دا ده‌ژیێت ئاماژه ده‌دات كه ئه‌و وه‌كو پووری ئه‌وان پێیانی گوتوه له توركیا بژین هه‌موو مانگێك پاره‌ی ژیانتان بۆ ده‌نێرم، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توركه‌كان زۆر به خراپی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئاواره‌ی خەڵکی سووریادا ده‌كه‌ن، بۆیه گوتوویانه ناتوانین له توركیا بمێنینه‌وه و ده‌مانه‌وێت بێین بۆ ئه‌وروپا. ئه‌ویش گوتویه‌تی من پاره‌ی قاچاغچیتان بۆ ده‌نێرم و وه‌رن بۆ كه‌نه‌دا.
ئه‌و باس له‌وه ده‌كات كه به‌ر له‌وه‌ی رێگه‌ی قاچاغ بگرنه به‌ر، سه‌ره‌تا چوونه بۆ كونسوڵخانەی كه‌نه‌دا و ئه‌ویش له كه‌نه‌داوه هه‌وڵی بۆیان داوه تا ڤیزا وه‌ربگرن، به‌ڵام كه‌نه‌دا نەیداوە پێیان.
پووری (ئایلان) دەڵێ: "من ئاماده‌م خه‌رجی ناشتنەکەیان بکێشم و، بیانبەینەوە بۆ كۆبانێ".
كارزان گلی




