كۆمسیۆنى ڕاپرسی و ههڵبژاردن: چاوەڕوانی لایەنەکانین بە فەرمی رامانبسپێرن

ههولێر-KDP.info- کۆمیسیۆنی باڵای ڕاپرسی و هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن چاوەڕوانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن.
کۆمیسیۆنی باڵای ڕاپرسی و هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، پێشنوەڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامهوانیدا رایگەیاند: "داوامان لە کۆنسووڵی وڵاتان کرد کە یارمەتیمان بدەن بۆ باشتر تێگەشتن لە هەڵبژاردن و، گرینگە ئەوان نوێنەریان ئامادە بێت لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا".
(شیروان زرار) گوتەبێژی کۆمیسیۆن هەروەها ئاماژەی دا بەوەی کە، "سەرەتا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق نیگەرانییان هەبوو، بەڵام ئێمە دواتر روونکردنەوەمان پێیان دا و بڕیارمان دا کۆبوونەوەمان لەگەڵیاندا بەردەوام بن، هەڵبەت یەکەم کۆبوونەوەمان لە هەولێر ئەنجام دا و بڕیارمان دا کە سەردانی بەغدایش بکەین. ئومێد دەکەین پەیوەندیی باشتر دروست بکەین کە لە ئاستی متمانەی خەڵکی کوردستاندا بێت."
(زرار) روونی کردەوە کە، "بەپێی یاسای ژمارە ٤ ئێمە بەرپرسین لە هەر هەڵبژاردن و راپرسیێک، چاوەڕوانی لایەنە سیاسییەکانیشین، هەر کات ئەوان رێککەوتن، دەبێت ئێمە ئاگادار بکرێینەوە و بە فەرمی رابسپێردرێین، دواتر وەکو ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیار دەدەین لەوەی بە چ شێوەیەک ئەو کارە بکەین".




