ئه‌مەریكا بانگهێشتی شەبەکانی کردووە.. داوا دەکەن لە گەڕانەوە بۆ سەر هەرێم پشتیان بگرێ

مووسڵ-KDP.info- سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ڕاوێژكارانى شه‌به‌ك دەڵێت، حه‌فته‌ى دابێ، بۆ چه‌ندین پرسى گرینگ تایبه‌ت به عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئاواره‌كان، كوردانى شه‌به‌ك دەچنە ئه‌مەریكا و وایش بڕیاره لەگەڵ گه‌وره‌به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته دیداریان هەبێ.
(سالم جومعه شه‌به‌ك) سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ڕاوێژكارانى شه‌به‌ك و نوێنه‌رى كۆتاى شه‌به‌ك له ئه‌نجوومه‌نى نووێنه‌رانى عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوتى: "رۆژى 8ـى ئەم مانگە شاندێكى باڵا له كوردانى شه‌به‌ك سه‌ردانى ئه‌مەریكا ده‌كه‌ین، به‌رنامه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ كۆنگرێسى ئه‌مەریكا و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مەریكا و چه‌ندین به‌رپرسى باڵاى ئه‌و وڵاته و رێكخراوه جیهانییه‌كان و نێوده‌وڵە‌تییه‌كان کۆ ببینەوە؛ ڕاستییەکەی داوامان كردووه تا له‌گه‌ڵ به‌رێز (ئۆباما)یش کۆ ببینەوە به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامی ئەمەمان وەرنەگرتووەتەوە."
سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ڕاوێژكارانى شه‌به‌ك گوتیشى: "بابه‌تى سه‌ردانه‌كه‌مان ئه‌وه ده‌بێت کە، یه‌كه‌م: ئه‌مەریكا زیاتر هاوكاریى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه بكات له رووى چه‌ك و پێداویستییه سه‌ربازییه‌كانەوە، بۆئه‌وه‌ى ناوچه‌كانى شه‌به‌ك و مه‌سیحى و كاكه‌یى و ئێزدىیەکان کە هێشتا داگیر کراون، ئازاد بكرێن و تیرۆریستان لی وەدەر بنرێ؛ هاوكاریکردنی وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراقیشمان هەر مەبەستە؛ دووه‌م: باسى ئه‌و زوڵم و زۆردارییه ده‌كه‌ین كه له شه‌به‌ك و ئێزدى و مه‌سیحى و كاكه‌ییه‌كان كراوه.. هه‌روه‌ها شه‌هیدانى پێشمه‌رگه و برینداران، هەروەها ئاواره‌كان كه له عێراق ژمارەیان گه‌یشتووەته 3 ملیۆن كه‌س و له هه‌رێمى كوردستانیش نزیکەی 2 ملیۆن، هەڵبەت پێویستیان به هاوكاریى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه، چونكه هه‌رێمى كوردستان له رووى داراییه‌وه گوشارێكى زۆرى له‌سه‌ره بۆیه پێویسته زیاترى هاوكارى بكرێت؛ سێیه‌م: باسى مادده‌ى 140ـیش ده‌كه‌ین كه ئێمه ناتوانین له‌گه‌ڵ نه‌ینه‌وادا بمێنینەوە و ده‌مانه‌وێت ئه‌مەریكا و وڵاته زلهێزه‌كانى جیهان به‌شدار بن و هاوكاریمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر هه‌رێمى كوردستان."
بە گوتەی (سالم جومعه)، "ڕۆڵى (سه‌رۆك بارزانى) و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش لە بەهاناوەهاتن و داڵدەدان و هاوکاریی کۆی پێکهاتەکان، ئه‌مانه‌ته له‌سه‌ر ئێمه و وەک خۆی باسى دەكه‌ین."
نه‌شوان به‌رزنجى




