ئیمزا کۆکردنەوەکە بۆ مەرامی سیاسییە.. ئاشتی هەورامی لە ڕوونکردنەوە ناترسێ

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانەسروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، وەزیری سامانە سرووشتییەکان یەکەم وەزیرە کە زیاتر لە ھەشت جار و بە ئارەزووی خۆی و لەسەر داوای پەرلەمانتاران سەردانی پەرلەمانی کردووە، بۆیە لە بانگھێشتکردن ناترسێ. جەختیش دەکاتەوە، ئەوانەی ئیمزایان بۆ بانگھێشتکردنەکەی کۆ کردووەتەوە بۆ مەرامی سیاسییە، ئەگینا لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە داوایان دەکرد بانگھێشت بکرێت.
(دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ئەوانەی کە ئیمزا بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان کۆ دەکەنەوە، پێویست بوو لە رێگەی لیژنەکەی ئەوانەوە ئەو کارە بکەن، ھەر چەندە دەکرێت چەند پەرلەمانتارێک ئیمزا کۆ بکەنەوە و ئەو داوایە بکەن، بەڵام ئەگەر نیازی باشیان ھەبوایە و بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی بووایە، لیژنەی تایبەتمەند و پیوەدندیدار هەیە و، دەبوایە ئێمەش بزانین ھۆکارەکانی لێپرسینەوە چین، بەڵکو ئێمەش بیروبۆچوونی خۆمان ھەبووایە و ھەندێک شتی دیکەمان زیاد کربووایە، بەڵام پرس بە ئێمە نەکراوە و لێی ئاگادارنین، هەربۆیە دەشێ بڵێین مەرام لێی سیاسییە."
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، خۆ سیاسەتی نەوت لە ھەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە، هەڵبەتە لە بانگھێشتکردنی وەزیری خۆمان ناترسین و کارێکی زۆر ئاساییە؛ چونکە (ئاشتی هەورامی) یەکەم وەزیرە کە بە ویستی خۆی و هەروەها بە داوای پەرلەمانتارانیشەوە زیاتر لە ھەشت جار سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە و زیاتر لە پێنج جاریش لە دەرەوەی پەرلەمان لەگەڵ لیژنەی تایبەت بە نەوت و غاز کۆ بووەتەوە، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ کە، وەزیری سامانە سرووشتییەکان ھەمیشە ڕەخنە قبووڵ دەکات و ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر پرسیارێک و پێدانی ڕوونکردنەوە لەبارەی ھەر پرسێکەوە کە ەبرەوڕووی بکرێتەوە."
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، پێشتریش ئێمە خۆمان چەندین جار داوامان لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان کردووە تا بێتە پەرلەمان و ڕوونکردنەوە لەبارەی پرسگەلێکەوە بدات، کە بۆ هەندێکی پەرلەمانتار و خەڵکییش روون نین، جا ئەمە بەو واتایەیە کە ڕوونتر باس لە پرسەکان بکات نەک ئەوەی کە شەفاف نەبێ."
بڵند ئیبراھیم




