ڕێككەوتنی ٥+١ دەخەنە بەر باسەوە.. ئۆباما پێشوازی لە شا سەلمان دەكات

واشنتن-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی دەنگی ئەمەریكا، لەبارەی شەڕەكانی دەوروبەر لە عێراق، سووریا و یەمەن، هەروەها لەسەر بایەخ و نیگەرانییەكان و، كاردانەوەكانی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران، (باراك ئۆباما) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رۆژی هەینی پێشوازی لە (شا سەلمان)ـی شای عەرەبستان دەكات. ئەوە یەكەم سەردانی فەرمیی (شا سەلمان) دەبێت بۆ ئەمەریكا لەوەتەی تاجەكەی لەسەر ناوە دوای مردنی (شا عەبدوڵڵا).
هەڵبەتە پێگەی ئەمەریكا لە كەنداو بۆ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پێگەیەكی گرینگە، بۆیە ئەو پێگەیە وادەكات پەیوەندییەكانیان درزی تێ نەكەوێت بە تایبەتی دوای ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك، وڵاتانی كەنداو جۆرێك لە نیگەرانییان هەیە لەسەر فراوانبوونی دەسەڵاتەكانی ئێران لە ناوچەكەدا.
(ئەنتۆنی كۆردێسمان) سەرۆكی سەنتەری ستراتیژیی نێودەوڵەتی و شیكەرەوەی دیراسەی ئەمنی گوتی، زۆر لە خەڵكی كەنداو و جیهانی عەرەبی بە گشتی بە بایەخەوە دەڕواننە پێگەی ئەمەریكا لە كەنداو، بە تایبەتی لەسەر ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و، فراوانبونی دەسەڵات و كاریگەرییەكانی ئێران لەناو عێراق و یەمەن، بۆیە ئەو دانیشتنە دووقۆڵییە دیدارێكی گرینگە، بە تایبەتی بۆ دروستكردنی پردی متمانە بۆ عەرەبستان لەسەر پرسە بایەخدارەكان، لەناویشیاندا ڕەواندنەوەی نیگەرانییەكانی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران.
هەروەها (فرانسیس ڕیكادۆن) باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا گوتی: "من پێم وایە باسی عێراق لەو كۆبوونەوەیەدا گرینگ دەبێت، چونكە پێویستە هەردوولا بیر لە دۆخی عێراق بكەنەوە و بزانن چی دەتوانن پێشكەشی حكوومەتی عێراقی بكەن لە پێناو یەكبوونەوەی ئەو وڵاتە و بەهێزكردنەوەی و، نەهێشتنی دەستێوەردانە دەرەكییەكان لەسەری".
شیاوی گوتنە، بەپێی ڕاپۆرتەكە هەردوو سەرۆك دەیانەوێت پەلە بكەن لە دۆزینەوەی چارەی گونجاو بۆ كۆتایهێنان بە شەڕەكانی ناوچەكە و، دروستكردنی ئاشتەوایی سیاسی و خستنەبەرباسی قەیرانە مرۆییەكانی ناوچەكە.
و: خالید ئەحمەد




