ئیدریس بالوكان: نابێت ئازاری دایكی سەربازێك و گەریلایەك لە یەكدی جیا بكەینەوە

ئانكارا-KDP.info- (ئیدریس بالوكان) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" لە پەرلەمانی توركیا، ئاماژە دەدات كە پێویستە دەوڵەتی تورك و پەكەكە پابەند بن بە رێككەوتنی (دۆڵمەباخچە)، چونكە ئەگەر شەڕكردن بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ماڵوێرانیی بە دوادا دێت.
دوێنی كە رۆژی جیهانیی ئاشتی بوو، (بالوكان) كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ چەند رۆژنامەنووسێك ئەنجام دا و، لەوێدا داوای كرد "لەم رۆژەدا با شەڕ ڕابگرین و بگەڕێینەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆكردن".
ئەو گوتی: "ئەگەر لەم وڵاتەدا دایكانمان بۆ لەدەستدانی رۆڵەكانیان بگریێن، بۆ هەموو سیاسییەكان عەیبەیەكی گەورەیە و شەرمەزارییە. نابێت ئێمە دایكە جگەرسوتاوەكان لە یەكدی جیا بكەینەوە و بڵێین ئەمە دایكی سەربازێكە و ئەمەیش دایكی گەریلایەكە، بەڵكە ئازاری هەموو دایكەكان وەكو یەكە و یەك ئازارە و فرمێسكی چاوی هەموو دایكەكان یەك ڕەنگە".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوەیش كرد كە، وڵات پێ دەنێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بەڵام ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە زۆر گرینگترە، پرسی ئاشتییە لە توركیا و پێویستە بەر لەوەی هەڵبژاردن بكرێت، ئاشتی بۆ وڵات بگەڕێتەوە و چەكەكان بێدەنگ بن.
لە لایەكی دیكەوە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی كاتیی توركیا لەناو كۆشكی كۆماریی ئەو وڵاتە و بە ئامادەبوونی سەرۆككۆماری توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) ساز بكرێت، بەڵام (ئیدریس) دەڵێت: "لەو كۆبوونەوەیەدا بە هیچ شێوەیەك 2 وەزیرەكەی ئێمە بەشداری ناكەن، چونكە ئێمە تاوەكو ئێستایش پێمان وایە ئەو كۆشكە بە پارەیەكی خەیاڵی دروست كراوە و تەنیا لە بەرژەوەندیی سەرۆككۆمار دروست كراوە، بۆیە پێمان ناچێتە ناو ئەو كۆشكەوە".
كارزان گلی




