تائێستا 2 هەزار و 129 كوردی ئێزدی لە چنگ داعش ڕزگار كراون

دهۆك-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كوردانی ئێزدی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆك رایدەگەیێنێت، ژمارەی كوردانی ئێزدی كە لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كراون، بۆ 2129 كەس بەرز بووەتەوە، كە زۆربەیان منداڵن.
(هادی دوبانی) بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كوردانی ئێزدی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەر لایەنێك ئامار لەسەر رزگاربووانی كوردانی ئێزدی لە دەستی داعش رابگەیێنێت، دروست نییە، چونكە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بەڕێوەبەرایەتییەكی فەرمییە و لەسەر ئاستی كوردستان و نێودەوڵەتیدا باوەڕپێكراوە، بۆیە بە دروستی تا ئێستا 2129 كوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستان رزگار بوونە، لەوانە 306 پیاو، 805 ئافرەت، لەگەڵ 1022 منداڵ".
گوتیشی: "رزگاربووەكان خەڵكی گوندەكانی سنووری شارەدێی زوممار و سنوونێ و ناوچەكانی دەوروبەرن، ئێستایش لە پارێزگای دهۆك بە كەسوكاریان شاد بوونەتەوە، هەروەها بەردەوام ژمارەی رزگاربووەكان لە بەرزبوونەوەدایە".
(دوبانی) ئاماژەیشی دا، بەپێی ئەو بەرنامەیەی لە نێوان هەر دوو حكوومەتی ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستاندا هەیە، 1000 كچ بۆ چارەسەری دەروونی و جەستەیی رەوانەی ئەڵمانیا دەكرێن، تا ئێستایش 256 كەس رەوانە كراون و تا كۆتایی ساڵ هەموویان دەبێت رەوانە بكرێن.
ڕابین شێروانی




