چاودێرێکی سیاسی: حەفتەی دابێ لایەنەکان ھەڵوێستی سەرکردایەتییەکەی خۆیان دەخەنە ڕوو

ههولێر-KDP.info-چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، بارودۆخی ھەرێمی کوردستان زۆر ناسکە، بۆیە لایەنەکانیش ڕژدن لەوەی لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕێک بکەون، چونکە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن رهوتی سیاسی هەرێم بەردەوام نابێت.
مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی (د.عەبدولحەکیم خەسرەو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناتوانین بڵێین دانیشتنە پێنجقۆڵییەکەی حەفتەی دابێی لایەنەکان یەکلاکەرەوە دەبێت، چونکە ئەو پرسە زۆر گرنگە و، کاتێکی زۆری دەوێت، لەبەر ئەوەی پێشتر گفتوگۆیەکی تێری لێ نەکراوە."
دکتۆر (عەبدولحەکیم خەسرەو) گوتیشی، بارودۆخی ھەرێمی کوردستان زۆر ناسکە و، لایەنەکان لەبەر ئەو ناسکی و مەترسیانەی ھەیە، ناچارن لە پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستاندا جدی بن و، بگەنە ڕێککەوتن، چونکە ھیچ ڕێگای دیکە نییە جگە لە ڕێککەوتن، ئەگینا ڕەوتی سیاسی بەردەوام نابێت.
ئەو چاودێرەی سیاسەت، ڕوونیشی کردەوە، پێشنیارەکان خراوەتە بەردەست لایەنەکان و، ھەر لایەنێک لەگەڵ سەرکردایەتیی خۆی تاوتوێی دەکات و، بڕیاری لەسەر دەدەن، بۆیە ئەو ھەڵوێستەی حەفتەی دابێ، لایەنەکان ئاشکرای دەکەن، ھەڵوێستی سەرکردایەتییەکەیان دەبێت.
دەیشڵێت، زۆر جار ھەندێک لێدوانی سەرکردە سیاسییەکان دەبیسی دەڵێی ئێستا شەڕی ناوخۆ ڕوو دەدات، بەڵام لە واقعدا وا نییە؛ ئەو مەترسیانەی کۆمەڵی ئیسلامیش باسی لێوە کردووە بەو شێوەیە نییە، ڕاستە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بە گشتی باش نییە، بەڵام وایش نییە کە باسی لێوە دەکەن.
(خەسرۆ) ڕاشیگەیاند: "ئەگەر باسی شەڕی ناوخۆ دەکرێت گوایە شەڕی پارتی و یەکێتییە، بەڵام ئێستا ھەماھەنگیەکی زۆر باش لەنێوان دەزگا ئەمنیەکانی ھەردوو لادا ھەیە و، ڕێککەوتنی ستراتیژی ھەیە و، بە ھیچ شێوەیەک شەڕی ناوخۆ ڕوو ناداتەوە؛ بەس هەندێکیان دەیانەوێت بیکەنە کارتی فشار؛ جا من دڵنیام و زۆریش گەشبینم کە شتی وا ناقەومێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




