٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەندامانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران زۆرترین ئامادەبوونیان لە دانیشتنەكاندا هەبووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، نوێنەرانی كورد لە هەولێر لە ریزبەندی یەكەم و سلێمانییش لە ریزبەندی دووەم هاتوون لە ئامادەبوونیان لە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خولی سێیەمی پەرلەمان.

(د. بێریوان خەیلانی) ئەندامی هاوپەیمانیی كوردستانی لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەنجوومەنی نوێنەران كۆڕبەندێكی ساز كرد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر یەكەم راپۆرتی ساڵانەی یاسادانانی خولی هەڵبژاردنی سێیەم لە ماوەی 10/7/2014 تا 30/6/2015 كە لە لایەن رێكخراوی "مەدارك"ـی ناحكوومییەوە ئامادە كراوە بە ئامادەبوونی زۆرێك لە رێكخراوانی كۆمەڵگەی مەدەنی و توێژەران و پسپۆڕە جیاجیاكان و چالاكوانان كە شایەتحاڵ بوون لەسەر جۆری راپۆرتەكە و، جەختیشیان كردەوە كە كاری ئەنجوومەنی نوێنەران لە یاسادانان و چاودێریدا، گەورەترین كاریگەریی هەبووە بە بەراورد لە گەڵ خولەكانی پێشووی پەرلەمان".
(خەیلانی) گوتیشی: "بەپێی راگەیاندنی ڕاپۆرتی تایبەت بە ئەدای ئەندام پەرلەمانەكان لە خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەولێر لە ریزبەندی یەكەم هاتووە لە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و كەمترین رێژەیشی تۆمار كردووە لە ئامادەنەبوونی ئەندامانی لە دانیشتنەكاندا، ئەو راپۆرتە تایبەتە بە  ئامادەبوون و نەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، چونكە ژمارەی ئامادەبووانی دانیشتنەكانی ساڵی یاسادانانی یەكەم بریتی بوو لە  (231) نوێنەر بۆ هەر دانیشتنێك، دانیشتنی ژمارە (10) كەمترین ژمارەی ئامادەنەبووانی تۆمار كردووە كە (190) نوێنەرە، بەڵام رێژەی ژمارەی ئەو ئەندامانەی كە زێدەڕۆییان كردووە لە ئامادەنەبوون، بریتی بوو لە (10) نوێنەر.

(د. بێریوان) راشیگەیاند: "راپۆرتی ریزبەندی ئامادەنەبوونی نوێنەران لە ماوەی (70) دانیشتن دەری خستووە كە پارێزگای هەولێر لە ریزبەندی یەكەم هاتووە بۆ كەمیی ژمارەی ئامادەنەبووانی ئەندامانی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان بە بەراورد بە شارەكانی دیكەی عێراق بە رێژەی 2,3%، هەروەها شاری سلێمانی بە رێژەی 2,8% پلەی دووەمی وەرگرتووە، پارێزگای ئەنبار رێژەی ئامادەنەبوونی نوێنەرانی بریتییە لە 10% كە زۆرترین رێژەیە، دواتر شاری بەسڕە رێژەی ئامادەنەبوونی ئەندامانی بە رێژەی 8,8% و سەڵاحەددین بە رێژەی 8,5%ـیان تۆمار كردووە".
دەشڵێت: "ژمارەی ئەو میوانانەی كە میوانداری كراون لە ئەنجوومەن، گەییشتووەتە (16) میوان بۆ هەریەك لە سەرۆكوەزیران و وەزیرەكان و بەرپرسانی ئەمنی و ناوخۆ لە جێبەجێكاران (بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان)".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران زیاتر گوتی: "ئەو زانیاریانەی كە ئەم راپۆرتە لە خۆی گرتوون، لەبارەی دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنی نوێنەران و كێشەی گۆڕینی ئەندامانی نوێنەران و ئەدای یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەران گەییشتە (77) دانیشتن، بەڵام بە گشتی جووڵەی یاسادانان كە ئەنجومەنی نوێنەران كاری لەسەر كردووە بۆ ئەمساڵ، گەییشتووەتە (190) لە نێوان پڕۆژەیاسا و پێشنیاز كە (109) یاسا خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە، (51) یاسا خوێندنەوەی دووەمیان بۆ كراوە و (30) یاسایش ئەنجوومەن دەنگی لەسەر داون".

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار