بڕیار درا، ئاوارهكان كهركووك چۆڵ بكهن

كهركووك-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە کە ئاوارە دیالەییەکان، کەرکووک چۆڵ بکەن و بچنەوە بۆ دەڤەری خۆیان؛ ئەو ئاوارنە نزیکەی 20هەزار کەسێک دەبن؛ سەرۆکی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش ئەو بڕیارەیان پێ باشە.. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێ: "گەڕانەوەی ئاوارەکان کارێکی زۆر باشە، چونکە جگە لەوەی مەترسی بۆ گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە ھەیە، بارێکی قورسیشە بەسەر کەرکووکەوە."
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک (ئەحمەد عەسکەری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە کە ئاوارەکانی پارێزگای دیالە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان. سەرۆکی پەرلەمان و ئێمەش پێمان باشە ئەو 20ھەزار کەسە بگەڕێنەوە، چونکە دیالە ئازادە و داعشی لێ نییە؛ خەڵکی شوێنە ئازادکراوەکانی پارێزگای تکریتیش وردەوردە دەگەڕێنەوە."
(ئەحمەد عەسکەری) گوتیشی، گەرانەوەی ئاوارەکان جگە لەوەی مەترسی ھەیە لە ئایندە بۆ سەر دیموگرافیای شارەکە. ئەرکێکیشە بەسەر کەرکووک، بۆیە گەڕانەوەی کارێکی زۆر باشە، چونکە لە ھەموو ڕوویەکەوە دەبێتە کێشە."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕوونیشی کردەوە، ژمارەی کۆی ئاوارەکان لە کەرکووک نزیکەی 119ھەزار خێزانە کە نیو ملیۆن کەسێک دەبن و کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەوانەی شوێنەکانیان ئازاد دەکرێت بگەڕێنەوە، بەڵام ھەندێک شوێن ھەیە وەکو مووسڵ، خەڵکەکەی ھیچ شوێنێکیان نەماوە؛ ھەوڵ دەدەین ئەگەر ھاوکاریان بکرێت خێمەیان بۆ ھەڵدەن و کەمپێکیان بۆ دروست بکەن، لەبەر ئەوەی خەڵکێک ھەیە لەبەر نەبوونی سواڵ دەکات کە ئەمەش بۆ دۆخی ئەمنیشی خراپە، بۆ ئەوەی ھەرکاتێک شوێنەکەیان ئازاد کرا بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان.
بڵند ئیبراھیم




