كهنهدا به پێشكهوتنی ههرێم سهرسامه

ههولێر-KDP.info-ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتمانی سهرۆكوهزیرانی كهنهدا له میانی سهردانی ههرێمی كوردستاندا، وێڕای ئهوهی ستاییشی هێزهكانی پێشمهرگه و كهلتووری پێكهوهژیان له ههرێم دهكات سهرسامیی خۆیشی به پێشكهوتنی ئابووری ههرێم دهربڕی.
بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییه دوو لایەنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کەنەدا، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڕیچارد فادن ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا کرد.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەت هەوڵەکانی حکوومەتی کەنەدی لە بەشداریکردنی هێزی هاوپەیمانان دژی ڕێکخراوی داعش بەرز نرخاند و پاشان سوپاس و پێزانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردیشی بەو حکوومە ڕاگەیاند لە بەرامبەر پێشکەشکردنی هاوکاری مڕۆیی و سەربازیەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەری دژ بە تیرۆر لە ناوچەکەدا.
لەم بارەیەوە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت پێشنیازی کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان كرد بە مەبەستی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دوولایەنەکانیان.
ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا سەرسامی خۆی بە پێشکەوتنە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لە ماوەی ساڵانی دواییدا جێبەجێ کراون. پاشان، ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە ڕووبەروو بوونەوەکانیان دژی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش و پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان لە پەلامارەکانیاندا.
پاشان، ناوبراو هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشوازیکردنی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەرز نرخاند بەبێ جیاوازیکردن لە ئایین و نەتەوە و ناسنامەی ئاوارەکان، بۆیە ئێمە ئەم کەلتوری پێکەوە ژیانە و گیانی لێبوردەییە لەم ناوچەیە بە گرنگ دەزانین.
لە کۆتاییدا، هەردوو لا باسیان لە دوا گوڕانکارییە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە و شەڕی تیڕۆر و بارودۆخی سووریا و عێراق و ناوچەکە کرد.




