"پارتی سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار دەكات، هەرێم بە فرۆشتی نەوت بە ئیسڕائیل تۆمەتبار دەكەن"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سكاڵا لەسەر ئەوكەسانە تۆمار دەكەن كە هەوڵی ناوزڕاندنی هەرێمی كوردستان دەدەن بە بیانووی فرۆشتی نەوت بە وڵاتی ئیسڕائیل بە بێ بەڵگە. دەشڵێت، ئەو كەسانە قەرەبوویەكی زۆری ماددی و مەعنەوییان دەكەوێتە ئەستۆ.
(مۆفەق ڕوبەیعی) ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕاوێژكاری پێشووی ئاساییشی نیشتمانیی عێراق، چەند رۆژێكە لە مێدیاكاندا حكوومەتی هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی كە نەوت بە ئیسڕائیل دەفرۆشێت و، گوایە ئیسڕائیلیش تا ئێستا سێ لەسەر چواری نەوتی خۆی لە بیرەنەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات. ناوبراو ئاماژەیشی داوە كە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە دژی هەرێمی كوردستان، لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار دەكات.
پێوەست بەم بابەتە (د. تاریق گەردی) ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "من دوێنێ لەبارەی ئەم گوتانەیەوە قسەم لەگەڵ خودی (مۆفەق ڕوبەیعی) كرد و پێم راگەیاند كە ئەگەر بەڵگەی نەبێت لەسەر قسەكانی، ئەوا ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین و ڕووبەڕووی دادگای دەكەینەوە، چونكە دەیەوێ ناوی هەرێمی كوردستان بزڕێنێ. پێشم گوت ئەگەر بەڵگەت هەیە بە بێ سێ و دوو بێخە ڕوو، ئەگینا ئێمە بەڵگەی مەلموسمان هەیە كە چۆن نەوتمان فرۆشتووە و ئەوكات داوای یاساییت لەسەر تۆمار دەكەین و قەرەبوویەكی زۆری ماددی و مەعنەوییشت دەكەوێتە ئەستۆ".
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە كە "لە ئەسڵدا هیچ دوو دەوڵەتێك نییە كە راستەوخۆ مامەڵەی نەوتی بكەن، هەرێمی كوردستانیش نەوت بە هیچ وڵاتێك نافرۆشێت، بەڵكە بە كۆمپانیا جیهانییەكانی بەبازاڕكردنی نەوتی دەفرۆشێت و دواتر ئەم كۆمپانیایانە ئەم نەوتە بە كۆمپانیای دیكە دەفرۆشن و دوای چەندین دەست، ئینجا دەگاتە وڵاتان و سوودی لێ وەردەگیرێت. هەرێمی كوردستان نەوت بە كۆمپانیا جیهانییەكان دەفرۆشێت و، ئەم كۆمپانیایانەیش بە كام كۆمپانیا و دەوڵەتی بفرۆشن مافی خۆیانە و سەرپشكن لە مامەڵەكردن بە نەوتەكەیان و ئێمە ناتوانین پێیان بڵێن بە كێی بفرۆشن".
(گەردی) ئاماژەیشی دا، لە یاسای بودجەی 2015ـی عێراقدا هاتووە، هەرێم رۆژانە دەبێ 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی "سۆمۆ" بكات و باقییەكەی دیكەی هەرێم خۆی سەرپشكە لەوەی كە چۆن دەیفرۆشێت و مامەڵەی پێوە دەكات.
سەرباز واحد




