دهۆك.. سێ لیژنەی ئەنجوومەنی پارێزگا سەردانی ناوچە زیانلێكەوتووەكانیان كرد

دهۆك- KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك رایدەگەیێنێت، سێ لیژنەی ئەنجوومەنی پارێزگا سەردانی ناوچەكانی سنووری ئامێدی و زاخۆ و ئاكریان كرد بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك لەبارەی ئەو بۆردوومانەی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە كرا و، هاووڵاتیانی ئەو سنوورانەیش زیانێكی زۆریان بەر كەوت.
(جەمیلە محەممەد ئیسماعیل) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بڕیار درا بە پێكهێنانی سێ لیژنە بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆمان ئامادە بكەین لەبارەی زیانەكانی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكان توركیا لە سنووری ئامێدی و ئاكرێ و زاخۆ".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك راشیگەیاند: "لیژنەی زاخۆ و ئامێدی سەردانی خۆیان ئەنجام دا و ئێمەیش وەكو لیژنەی تایبەت بە ئاكرێ سەردانی سنووری دینارتەمان كرد، لە نزیكەوە گوێمان لە داخوازیی هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە گرت و لە گیروگرفتەكانیانمان كۆڵییەوە، ئێستایش راپۆرتێكمان ئامادە كردووە و ئاڕاستەی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانی دەكەین بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتیانەی زیانیان بەر كەوتووە، قەرەبوو بكرێنەوە".
نەشوان بەرزنجی




