ئەو وێنەیەی توركیای بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە

توركیا-KDP.info- دوێنێ لە ساڵیادی جەژنی سەركەوتنی توركیادا كە بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغلو) و زۆربەی بەرپرسە حیزبی و حكوومییەكانی توركیا رێك خرابوو، وێنەیەكی (ئەحمەد داوودئۆغلو و (كلیچدارئۆغلو) كە بە یەكەوە پێدەكەنن و سەیری تەلەفۆن دەكەن، بووە جێی سەرنجی زۆربەی هاووڵاتیانی توركیا و تامەزرۆ بوون بۆ ئەوەی بزانن چییان بە یەكدی گوتووە وەها پێدەكەنن.
لە كاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی 7ـی حوزەیراندا، ئەم دوو سەكردەیە زۆر بە توندی رووبەڕووی یەكتری ببوونەوە و تەنانەت جنێوی زۆر ناشیرینیشیان بە یەكتری دەدا، بەڵام كاتێك ئاكەپە ناچار بوو بۆ پێكهێنانی حكوومەت سەردانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا بكات، زۆرترین ئەگەر كە باسی لێوە دەكرا، حكوومەتی هاوپەیمانیی نێوان ئاكەپە و جەهەپە بوو، بۆیە لەو رێگەیەوە ئەم دوو سەركردەیە تا ئاستێك لە یەكدی نزیك بوونەوە.
ئەوان دوێنی لە تەنیشت یەكترییەوە دانیشتبوون، بەڵام (كەمال كلیچدارئۆغلو) بە تەنیا هاتبوو و هاوسەرەكەی لەگەڵ خۆیدا نەهێنابوو. (داوودئۆغلو)ـیش لێی پرسی، بۆچی (سەلف)ـی هاوسەرت لەگەڵتدا نییە؟ (كلیچدارئۆغلو) لە وەڵامدا گوتی، ئەو لە ماڵەوەیە و ئاگای لە نەوەكانمە و نەیتوانی بەجێیان بهێڵێت. (داوودئۆغلو) پێدەكەنێت و دەڵێت، چەند جوانە منداڵی كچ و كوڕ زۆر خۆشەویستن، راوەستە با منیش وێنەی نەوەكانی خۆمت نیشان بدەم.
(داوودئۆغلو) مۆبایلەكەی (سارا)ـی هاوسەری وەردەگرێت و وێنەی نەوەكانی خۆی نیشانی (كلیچدارئۆغلو) دەدات و پێی دەڵێت، ئەوان ئێستا لە ئەمەریكان و زۆر بیریان دەكەین، ناچارین بە تەماشاكردنی وێنەكەیان دڵی خۆمان بدەینەوە.
(كلیچدارئۆغلو)ـیش كاتێك وێنەی نەوەكانی (داوودئۆغلو) دەبینێت، پێدەكەنێت و دەڵێت، ماشائەڵڵا نەوەكانت چەند شیرینن.
كارزان گلی




