٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی لە ڕۆژئاوا خاوەن متمانەیەكی زۆرە.. كردنەوەی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێر گرینگە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (ستۆران ستیڤنسۆن) سەرۆكی پێشووی شاندی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ عێراق دەڵێت، ئێستا (سەرۆك بارزانی) لە ڕۆژئاوا و بە تایبەتیش لە ئەورووپا، متمانەی زۆر لە (حەیدەر عەبادی) زیاترە، لەبەر ئەوەی بە هۆی رەفتارەكانی (نووری مالیكی)ـیەوە زیانێكی زۆر بە متمانەی نێودەوڵەتی عێراق كەوتووە، بۆیە دەبێت بایەخی زۆری ئەمەریكا و ڕۆژئاوا و نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كوردستان و هەولێر بێت. ڕوونیشی دەكاتەوە، كردنەوەی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێر زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی هەولێر بووەتە جێگەی بایەخ لە شەڕی دژی داعش و هەروەها جێی سەرنجیشە لە هەموو بوارەكان لە عێراقدا.

     
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان (ستۆران ستیڤنسۆن) سەرۆكی پێشووی شاندی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ عێراق گوتی: "هەمیشە گوتوومە كە كردنەوەی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێر زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی هەولێر بووەتە جێگەی بایەخ لە شەڕی دژی داعش و هەروەها بووەتە جێگەی سەرنجی پێشكەوتن و دیموكراسی لە هەموو عێراقدا. ئێستایش بەغدا بووەتە پایتەختی دەوڵەتێكی شكستخواردوو، بە شێوەیەك خراپ بووە كە خەڵك پێی وایە عێراق دابەش دەبێت بۆ سێ هەرێمی جیا".
(ستۆران ستیڤنسۆن) گوتیشی: "ئێستا (سەرۆك بارزانی) لە ڕۆژئاوا و بە تایبەتیش لە ئەورووپا، متمانەی زۆر زیاترە لە (حەیدەر عەبادی) لەبەر ئەوەی زیانێكی زۆر بە متمانەی نێودەوڵەتیی عێراق كەوتووە بە هۆی رەفتارەكانی (نووری مالیكی)ـی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقەوە، بۆیە دەبێت بایەخی زۆری ئەمەریكا و ڕۆژئاوا و نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كوردستان و هەولێر بێت. ئێستا ئێمە تێگەییشتووین كە كوردستان و پێشمەرگە تەنیا ئەگەری تێكشكاندنی داعشن لە ناوچەكەدا و دەبێت بە شێوەیەكی ڕێكوپێك دەست بكرێت بە پێدانی چەكی مۆدێرن بە پێشمەرگە، بۆ ئەوەی سەركەوتنی گەورە لە دژی داعش بەدەست بێنن. سوپای عێراق لە توانایدا نییە ئەوە بكات و چەكدارانی شیعەیش كە لەلایەن (قاسم سولەیمانی)ـیەوە سەركردایەتی دەكرێن، دانیشتووانی سوننە لە عێراق لەوان زیاتر دەترسن وەك لە داعش، بۆیە ئێستا كردنەوەی ئۆفیسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێر زۆر گرینگە بۆ ئەوەی ستافیان هەبێت و ڕاستەوخۆ پێوەندییان لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا هەبێت، بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگادار بن و یارمەتیی پێویست بگەیەنن، وەك دابینكردنی یارمەتیی سەربازی بۆ پێشمەرگە و دابینكردنی خواردن و كەلوپەل بۆ ئەوەی یارمەتیی كوردەكان بدات، هەروەها چارەی قەیرانی ئاوارەكان بكەن، كە بەردەوام رێژەیان لە هەڵكشاندایە لەبەر كێشەكانی عێراق و سووریا".
 

هەواڵی پەیوەندیدار