بۆ یەكەم جار لە مێژووی توركیادا ئافرەتێكی باڵاپۆش بوو بە وەزیر

توركیا-KDP.info- ئەگەر بۆ یەكەم جارە لە مێژووی توركیادا پارتێكی كوردی بەشداری لە حكوومەتدا بكات و 2 وەزارەت وەربگرێت، بە هەمان شێوە بۆ یەكەم جاریشە لە مێژووی توركیادا ئافرەتێكی باڵاپۆش ببێت بە وەزیر.
دوێنی (ئایشەن گورجان) وەكو وەزیری خێزان و كۆمەڵایەتی لە حكوومەتی كاتیی توركیادا دەستبەكار بوو. ئەو وەكو وەزیرە تاقانەكەی حكوومەتی كاتیی توركیا وەسف دەكرێت، چونكە تاكە ئافرەتە لەم كابینەیەدا وەزارەتی وەرگرتبێت. لە هەمان كاتدا بۆ یەكەم جارە لە مێژووی توركیادا ئافرەتێكی باڵاپۆش ببێت بە وەزیر. زۆرێك لە چاودێرانیش ئەم هەنگاوەی حكوومەت بە هەنگاوێكی گرینگ وەسف دەكەن بۆ برەودان بە ئازادی و دیموكراتی لە توركیادا.
لە سەردەمی (مستەفا كەمال ئەتاتورك)ـدا، ئافرەت رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە پڕۆسەی سیاسیدا، بەڵام رێگە لەو ئافرەتانە گیراوە كە باڵاپۆشن و دەیانەوێت سیاسەت بكەن. بە بڕیارێكیش كە لە دەستووری توركیادا جێگیر كرابوو، هیچ ئافرەتێك بۆی نییە بە باڵاپۆشییەوە ببێت بە ئەندام پەرلەمان یان وەزیر، هەروەها لە دامودەستگا حكوومییەكانیش بۆیان نەبووە بە باڵاپۆشی ئەركی فەرمانبەرێتییان جێبەجێ بكەن. بەڵام كاتێك پارتیی داد و گەشەپێدان هاتە سەر دەسەڵات، دەرگەی بە رووی باڵاپۆشاندا كردەوە و ئازادی كردن بەوەی هەر جۆرە پۆشاكێك لەبەر بكەن دەتوانن سیاسەت بكەن و لە دامودەستگاكانیشدا ئەركی فەرمانبەری جێبەجێ بكەن. ئەمەیشی لە ماددەی 14ـی دەستووری توركیا كە تایبەتە بە خاوەن پێداوستی تایبەت، جێگیر كرا.

ئەم بڕیارە، پەرلەمانتاری خاوەن پێداویستیی تایبەت (شەفەق پاڤای) زۆر دڵخۆش كرد، چونكە قاچێكی دەستكرد بوو و هەموو جارێك كە دەهاتە ناو پەرلەمانەوە، دەبووایە تەنورەیەكی كورت لەبەر بكات و قاچە دروستكراوەكەیشی دەكەوتە بەردەم چاوی كامێرا، بەڵام دوای ئەم بڕیارە ئیدی بە پانتۆڵێكی درێژەوە چووە ناو پەرلەمانەوە و ئەركی خۆی جێبەجێ دەكرد.
(ئایشەن گورجان) كە ئێستا وەكو وەزیری خێزان و كۆمەڵایەتی دەستبەكار بووە، پێشتر باڵاپۆش نەبووە، چونكە دەوڵەت رێگەی نەداوە بە باڵاپۆشی بخوێنێت و وەكو مامۆستای زانكۆیش وانە بڵێتەوە، بۆیە لە سەردەمی ئاكەپەدا ئەویش لە چۆنیەتیی پۆشینی جلوبەرگ ئازاد كرا و وەكو ئافرەتێكی باڵاپۆش هاتە ناو سیاسەت و حكوومەتەوە و بوو بە ئەندامی ئاكەپە.
لە دیمانەیەكیدا بۆ كەناڵی هەبەر تورك، سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغڵو) ئاماژەی دا كە ئەو كاتەی بڕیاریان داوە وەزارەتی خێزان و كۆمەڵایەتی بدەن بە (ئایشەن)، 8 جار پەیوەندییان پێوە كردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە، پاشان دەركەوت كە بۆ یارمەتیدانی منداڵە فەلەستینییەكان سەردانی فەلەستینی كردووە و لە فەلەستینەوە ئەو هەواڵە خۆشەی پێ دراوە.
كارزان گلی




