پرسه‌كه ده‌به‌نه په‌رله‌مانه‌وه.. شێوازی به خاكسپاردنیان، ئازاری گه‌وره‌ی عه‌له‌وییه‌كانی توركیایه

ئیستانبووڵ-KDP.info- عه‌له‌وییه‌كانی توركیا ئه‌گه‌رچی له‌ئێستادا كه سه‌رده‌می فه‌رمانڕانیی ئاكپارتییه، ده‌توانن بدوێن و ره‌خنه‌یش بگرن و، ددانیشی پێدا ده‌نێن كه دۆخیان باشتره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا گله‌یی ده‌كه‌ن كه، هه‌ر له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كانه‌وه تا ساڵانی هه‌شتاكانیش ده‌وڵه‌ت چه‌وساندوونه‌تییه‌وه.
"به سه‌دان گه‌نجی عه‌له‌وی له ریزه‌كانی هێزی توركیادا وه‌ك سه‌رباز دامه‌زراون و خزمه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌كو پێویست یاخود وه‌ك سه‌ربازێكی سوننه‌مه‌زه‌ب ماف و ئه‌ركیان پارێزراو نییه"، ئه‌مه قسه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری عه‌له‌وییه‌كانی توركیایه كه به ئاشكرا له مێدیاكاندا وا ده‌ڵێن و گله‌یی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، ئه‌وكاته‌ی سه‌ربازێكی سوننه‌مه‌زه‌ب ده‌كوژرێت، مه‌ڕاسیمی تایبه‌تی بۆ ده‌كرێت و به‌رپرسه باڵاكانی توركیایش له رێوڕه‌سمی ناشته‌نه‌كه‌یدا ئاماده ده‌بن، به‌ڵام بۆ سه‌ربازێكی عه‌له‌وی مه‌ڕاسیمی له‌وشێوه‌یه ساز ناكه‌ن.
چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئێستا چه‌كدارانی په‌كه‌كه بۆمبێكی چێنراویان به ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازیی توركیادا ته‌قانده‌وه، له ئاكامدا 3 سه‌رباز كوژران كه یه‌كێكیان عه‌له‌وی بوو. كاتێك سه‌بازه‌كانیشیان ناشت هه‌ر 3 سه‌ربازه‌كه له‌سه‌ر مه‌زه‌بی سوننه نێژران و هیچ حیسابێكیان بۆ مه‌زه‌بی عه‌له‌وییه‌كان نه‌كرد، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایی زۆری عه‌له‌وییه‌كانی لێكه‌وته‌وه. ئه‌وان ده‌ڵێن، بۆچی ده‌بێت له‌سه‌ر مه‌زه‌بی سوننه بنێژرێن له كاتێكدا ئه‌وان وه‌كو عه‌له‌وی رێوڕه‌سمی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه بۆ ناشتنی ته‌رمی رۆڵه‌كانیان.
(تۆكات زیله‌لی) كه هاووڵاتییه‌كی عه‌له‌وییه و ته‌مه‌نی 39 ساڵه، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "به‌رده‌وام سوكایه‌تی به مه‌زه‌به‌كه‌یان ده‌كرێ''، ئه‌و نموونه به (كه‌نان جه‌یلان) ده‌هێنێته‌وه كه ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا له هه‌كاری به ده‌ستی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌گه‌ڵ 2 هاوڕێیدا كوژرا، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت رێگه‌ی نه‌دا له‌سه‌ر مه‌زه‌بی خۆیان بینێژن، به‌ڵكو له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی سوننی رێوڕه‌سمی ناشتنه‌كه‌یان ئه‌نجامدا، ئه‌مه‌یش ئه‌وانی توڕه كردوه.
(زیله‌لی) ده‌یشڵێ: "ئه‌گه‌ر سه‌ربازێكی سوننه‌مه‌زه‌ب بكوژرێت، زۆربه‌ی به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت به‌شداری له مه‌ڕاسیمه‌كه‌یدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك سه‌ربازێكی عه‌له‌وی مه‌زهه‌ب ده‌كوژرێت، ئه‌گه‌ر بێت و له‌سه‌ر مه‌زه‌بی عه‌له‌وی بنێژرێت به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رپرسه‌كان ئاماده‌ی ناشتنه‌كه‌ی نابن.. زۆرجاران نایه‌ڵن له مزگه‌وته‌كاندا ته‌رمی مردووه‌كانیشمان بشۆرێت و ده‌ڵێن، ئێوه عه‌له‌وین. ئه‌مه‌یش به ئاشكرا جیاكارییه و ده‌بێت سنووری بۆ دابنرێت".
(باقی دوزگون) سه‌رۆكی فیدراسیۆنی به‌كتاشی عه‌له‌وییه‌كان زۆر به توندی ره‌خنه له ده‌وڵه‌ت ده‌گرێت، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه ناده‌ن ته‌رمی سه‌ربازه عه‌له‌وییه‌كان بهێنرێته‌وه مزگه‌وت و، رایده‌گه‌یه‌نێت: "ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ده‌وڵه‌ت به‌رانبه‌ر به عه‌له‌وییه‌كانی ده‌كات، به مانای ئینكاركردنی عه‌له‌وی دێت له توركیا و سه‌رزه‌نشته بۆ ئێمه. چه‌ندین جار داوامان له سوپاسالاری توركیا كردووه كه پێویسته رێگه بده‌ن جه‌نازه‌ی سه‌بازه عه‌له‌وییه‌كان وه‌كو سه‌ربازه سوننه‌مه‌زه‌به‌كان بهێنرێنه‌وه بۆ مزگه‌وت و له‌وێوه مه‌ڕاسیمی تایبه‌تیان بۆ بكرێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی له مه‌زه‌بی عه‌له‌وییه‌كاندا هاتووه نه‌ك مه‌زه‌بی سوننه، به‌ڵام كه‌س گوێمان لێ ناگرێت. ئێمه ئه‌و پرسه ده‌به‌ینه په‌رله‌مانی توركیا و ده‌بێت ئه‌وان بۆمان چاره بكه‌ن، چونكه ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئێمه‌یه".
ئه‌و له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه‌یش كرد كه، چاوه‌ڕوانن (موسلم دۆگان) كه ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌ده‌په‌یه و عه‌له‌ویشه، له په‌رله‌مان كێشه‌كه‌یان بۆ چاره بكات. نایشارێته‌وه، ''له سه‌رده‌می ئه‌كه‌په‌دا حاڵی عه‌له‌وییه‌كان زۆر باشتره، چونكه له ساڵانی نه‌وه‌ت و هه‌شتایه‌كاندا به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مانده‌توانی باس له كێشه و گرفته‌كانیشمان بكه‌ین.''
ئه‌ندام په‌رله‌مان له لیستی هه‌ده‌په (عه‌لی كه‌نان ئۆغلو) له باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه به ڕۆژنامه‌وانانی ڕاگه‌یاند، "وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا سیسته‌مێكی داناوه بۆ ئه‌م دیارده‌یه و تێیدا هاتووه كه، ئه‌گه‌ر سه‌ربازێكی عه‌له‌وی له شه‌ڕدا كوژرا داوا له خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كرێت كه ده‌مانه‌وێ له مزگه‌وتدا رێوڕه‌سمی بۆ بكه‌ین وه‌كو سوننه‌مه‌زه‌بێك، ئه‌گه‌ر له لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌یه‌وه قبووڵ كرا، هیچ كێشه‌یه‌ك نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قبووڵ نه‌كرا ئه‌وكات یان له‌به‌رده‌م پارێزگار یان قایمقامییه‌ت رێوڕه‌سمه‌كه‌ی بۆ ده‌كرێت. خۆ ئه‌گه‌ر خانه‌واده‌كه‌ی ره‌زامه‌ندییان نه‌دا له‌به‌رده‌م پارێزگار ئه‌و رێوڕه‌سمه بكرێت و داكۆكییان كرد به‌وه‌ی ده‌بێت له مزگه‌وته‌وه له‌سه‌ر مه‌زه‌بی عه‌له‌وی ئه‌و رێوڕه‌سمه بكرێت، ئه‌وكات هیچ به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستێكی حكوومی به‌شداری تێیدا ناكات، واته به بێده‌نگی ده‌نێژرێت."
(بارش ئایباك) یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و سه‌ربازه توركه عه‌له‌وییه‌ی له شرنا‌خ كوژرا، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت داوای له خانه‌واده‌كه‌ی كرد كه ته‌رمه‌كه‌ی له مزگه‌وت ده‌رهێنن و بیهێنن بۆ قایمقامییه‌ت، تا له‌وێوه رێوڕه‌سمی بۆ ئه‌نجام بده‌ن.
له ساڵی 2012 (ئۆزجان ئه‌ته‌شلی) له فۆچه‌دا له لایه‌ن په‌كه‌وه كوژرا و داوا له خانه‌واده‌كه‌ی كرا كه له مزگه‌وته‌وه بۆ به‌رده‌م قایمقامییه‌ت بیهێنن، چونكه رێوڕه‌سمی بۆ ده‌كه‌ن و ئه‌وان ناتوانن له مزگه‌وته‌وه رێوڕه‌سمی بۆ بكه‌ن، به هۆكاری ئه‌وه‌ی عه‌له‌وین.
(یاڵچن) كه برای ئۆزجانه بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی دا، ''له‌م وڵاته‌دا وه‌ك عه‌له‌وییه‌ك شه‌هید ده‌بیت، به‌ڵام وه‌كو عه‌له‌وییه‌ك نانێژرێیت. ده‌وڵه‌ت وه‌ك عه‌له‌وییه‌ك ده‌تبات بۆ شه‌ڕ و شه‌ڕت پێده‌كات، به‌ڵام كه شه‌هید بووی، ده‌ست به‌سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ته‌وه ده‌گرێت و به گوێره‌ی مه‌زه‌بی خۆی ده‌تنێژێت، ئه‌مه ئازارێكی گه‌وره‌ی عه‌له‌وییه‌كانه".
كارزان گلی




