پەرلەمان لێپرسینەوەی لەگەڵ وەزیری كارەبادا كرد، بەڵام متمانەی لێ وەرنەگرتەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا متمانەوەرگرتنەوە لە وەزیری كارەبا خرایە دەنگدانەوە، بەڵام بە زۆرینەی دەنگ بڕیار درا لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەشواق جاف)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا وەزیری كارەبا ئامادە بوو و لێپرسینەوە لەبارەی خراپیی دۆخی كارەبا لەگەڵ كرا و وەڵامی پرسیارەكانیشی دایەوە، دواتر خرایە دەنگدانەوە كە ئاخۆ متمانەی لێ وەربگیرێتەوە یاخود نا، بەڵام زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگیان دا بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، بۆیە لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت.
(ئەشواق جاف) گوتیشی: "من رەخنەم لە شێوازی لێپرسینەوەكە هەبوو، چونكە پێویست بوو پێشوەخت پرسیارەكان بدرێتە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی كە وەزیر وەڵام دەداتەوە، بزانین وەڵامەكانی ڕازیكەرن یاخود نا.''
بڵند ئیبراهیم




