5 هەزار كامێرا بۆ پاراستنی شوێنە دێرینەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش دەكرێن

هەولێر-KDP.info- داعش لە سووریا و عێراق چەندین شوێنەواری گەورە و مێژوویی و كۆنی تێكداون كە بەشێكیان بە تەواوەتی لەناو چوون؛ ئهم كردارهیش پڕۆژهی لهپێناو مانهوهیاندا وهدوای خۆیدا هێناوه و، شوێنهوارهكان زانكۆكانی هارڤارد و ئۆكسفۆردیان هێناوهته نێو ئهم پرسهوه.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (بی بی سی) بەشی شوێنەوارناسیی زانكۆكانی هارڤارد و ئۆكسفۆرد پڕۆژەییەكیان لە بەردەستدایە، كە تێیدا دەیانەوێت كامێرای پێشكەوتوو بە گرتنی وێنەی (3 دی) لە ناوچەكانی شەڕدا بڵاو بكەنەوە و دابەشیان بكەن.
مەبەست لە دابەشكردنی ئەو كامێرایانە، گرتنی وێنەی شوێنەوارە كۆن و مێژووییەكانە لەلایەن خەڵكییەوە بە شێوەی (3دی) تاوەكو دوای ڕووخانیان جارێكی دیكە بتوانرێت بە هەمان شێوە دروست بكرێنەوە.
لە ئێستادا نزیكەی (5 هەزار) كامێرا دابەش دەكرێن، مەبەستیشیانە تاوەكو كۆتایی ساڵی (2016) نزیكەی (یەك ملیۆن) وێنەی ئەو شوێنەوارە كۆن و مێژووییانەیان دەست بكەوێت، یەكێك لە تایبەتمەندیی ئەو كامێرایانەیش ئەوەیە كە، وێنەكان بە (3دی) دەگرن و، لە وێنەی (3دی)ـدا شتە بچووكەكان و نادیارەكانیش وێنە دەگیرێن، هەروەها وێنەكان ڕاستەوخۆیش ئەپلۆد دەكرێن بۆ ناو سیستەمی داتابەیسەوە.
(مایكڵ ڕۆگەر) بەڕێوەبەری گشتیی بەشەكە بە (بیبیسی) گوت، وێنەی دیجیتاڵیی شوێنەوارەكان باشترین هیوایە بۆ هێشتنەوەی ئەندازەیی و هونەر و، مێژووی ئەو شوێنانە، دابەشكردنی ئەو كامێرایانەیش گەورەترین هەڵمەت دەبێت.
لە ئێستادا بەرپرسانی بوارەكە لەگەڵ (یۆنسكۆ)ـدا ئیش دەكەن بۆ ئەوەی كامێراكان بە سەر خەڵكی ناوچەكاندا دابەش بكەن، بە تایبەتی ئەوانەی ئارەزووی ئەو كارە دەكەن.
شیاوی باسە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش لە سووریا و عێراقدا چەندین شوێنەواری مێژوویی گرینگ هەن كە بەشێكیان كەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون لەلایەن داعشەوە، هەبوونی كۆپیی وێنەی (3دی)ـی ئەو شوێنەوارە كۆن و مێژووییانە، یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ سەرلەنوێ دروستكردنەوەیان.
شارەزایانی بواری شوێنەوارناسییش، ئەمە بە هەوڵێكی گرینگ دەزانن و پێیان وایە دەبێت هەنگاوی جیددی بۆ پاراستنی شوێنەوارە كۆن و مێژووییەكان بنرێت.
و/ خالید ئەحمەد




