364 به‌رپرسی عێراقی، گه‌شتیان لێ قه‌ده‌غه كرا

به‌غدا -KDP.info- ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ى عێراق، سه‌فه‌رى لە 364 به‌رپرسى عێراقى قه‌ده‌غه کرد؛ هەندێکیان وه‌زیر و پله‌ى تایبه‌تن.
(د. ئه‌رده‌ڵان نووره‌دین) ئەندامە كوردی لیژنه‌ى نه‌زاهه‌ى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانـی ڕاگەیاند: "دواى هه‌وڵ و كۆبوونه له‌نێوان لیژنه‌ى نه‌زاهه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ى عێراق له‌سه‌ر بابه‌تى گه‌نده‌ڵكاران ئه‌وه بوو له ڕاپۆرتى شه‌ش مانگه‌ى ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ى عێراقدا بڕیار دراوه 364 به‌رپرسى عێراقى سەفەری دەرەوەیان لێ قەدەغە بێت. ڕاپۆرتەکە ناوی نزیكه‌ى (20) وه‌زیر و کۆنەوەزیریشی تێدایە."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق گوتیشى: "بڕیاره‌كه ئاراسته‌ى گشت فڕۆکە‌خانه‌كان و ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و هه‌واڵگرى عێراق كراوه ئه‌م به‌رپرسانه‌ى ناویان هاتووه وه‌كو بڕیارێكى سه‌ره‌تایى و تۆمه‌تبارن پێویسته ئه‌وه‌ى ناوى هه‌یه له‌نێو فۆرمه‌كان دەسبەجێ سه‌ردانى دادگا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌یسانه‌ى له‌سه‌ریانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن له دواى ئه‌م بڕیاره‌ش هه‌ر به‌رپرسێك له‌وانه‌ى ناویان هاتووه له بڕیاره‌كه سه‌فه‌رى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بكات له هه‌ر فڕۆکە‌خانه‌یه‌ك یان شوێنێك بێت ئه‌وا فڕۆکە‌خانه‌كه یاخود بنكه سنوورییه‌كه سزا ده‌درێت.
(د. ئه‌رده‌لان) زیاتر گوتیشى: "ڕێژه‌ى ناوى كورد له‌نێو ناوه‌كان به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى خۆم وه‌رم‌گرتووه نییه، هه‌ر چه‌نده پێشبینى ده‌كرێت ژماره‌یه‌كی كه‌م له كوردیشى تێدا بێت."
نەشوان بەرزنجی




