٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وڵاتانی بیانی پشتگیریان بۆ هه‌رێم دووپات كرده‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر -KDP.info- له‌ کۆبوونه‌وه‌ ماوەماوە (ده‌وری)ـیەکەی فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری وڵاتانی بیانی له ‌هه‌رێم، ئەم پرسانەی هه‌نووكه‌ تاوتووێ كرا و وڵاتانی بیانی پاڵپشتیان بۆ هه‌رێم دووپات كرده‌وه‌.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی 27/08/2015 فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وەک جاران لەگەڵ دبلۆماتکاران و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و یۆنامی لە هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و، د. فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادە بوو بە مەبەستی پێدانی زانیاری دەربارەی دوایین کۆبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم دەربارەی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

سەرەتای کۆبوونەوەکە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ دوای بەخێرهاتن و سوپاسی ئامادەبووان لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستەسەر ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، گوتیشی لەگەڵ ئەم ڕووبەڕووبوونەوادا دەبین کە لە ماوەیەی دوایین چەند کونسوڵگەری و نوێنەرایەتی ووڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان کرانەوە لەوانە وڵاتی کوێت و سودان و نووسینگەی نوێنەرایەتی یه‌كیه‌تیی ئەوروپا، ئەمەش نیشانەی متمانەی وڵاتانە بە حکوومەتی هەرێم، هاوکات سوپاسی پشتیوانی و مانەوەی هەموو ئەوانە دەکەین کە سەرەڕای ڕووبەڕوونەوەکان لێرە مانەوە و پشتیوانامان بوون؛ ئەم هەڵوێستەشیان جێگەی تەقدیرە. هەروەها پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی لە کونسوڵی ئەو وڵاتانە کرد کە تازە دەست بەکاربوون و وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی لە حکوومەتی هەرێم، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانی کرد کە لە شەڕی دژی داعش هاوکاری و پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستان کرد، گوتیشی خۆشبەختانە ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو پشتیوانیەو قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە توانراوە پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنرێت و ڕۆژانە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ و بەرگری بەهێزتر دەبێت. لەڕووی مرۆییشەوە باشی لەو ڕووبەڕووبوونەوانە کە توشی هەرێم بووە، هەروەها سوپاسی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی سەر بە ئەوانی کرد بۆ ئەو هاوکاری پشتیوانیانەی کە لەڕووی مرۆییەوە لە ماوەی ڕابردوو پێشکەشی هەرێمیان کردووە؛ هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هاوکارییەکی زیاتری ئەو ئاوارە و پەناهەندانە بکەن لە هەرێمدا گیرساونەتەوە، بە تایبەتی کە حکومەتی هەرێم لە بارودۆخێکی درایی خراپدایە؛ ئەمەش وێڕای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهاندا. هاوکات باسی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان و بایەخپێدانی کێشەو گرفتەکانیان کرد.

لە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکەدا د. فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لە دەستپێکی ناکۆکیەکان دەربارەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم کردو گوتی کە ئەم بابەت دوولایەنی یاسایی و سیاسی هەیە و لایەنەکان لەسەر ئەم بابەتە لە گفتوگۆدان.

دواتر تیشکی خستەسەر دوایین کۆبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم؛ لەم ڕووە گوتی کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 26/8/2015 لایەنەکان سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر 13 خاڵ ڕێکەوتنیان کردووە، هاوکات هیوای خواست کە لەکۆبوونەی داهاتوو کە بڕیارە لە ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی 30/8/2015 ئەنجام بدرێت ئەو لایەنانە بگەنە ڕێکەوتن و ئەنجامی زیاتر سەبارەت بەو بابەتە.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم ئاشکرای کرد کە دوایین دوو کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان ئیجابی بووە و ئەنجامی باشی هەبووە و لێکنزیکبوونەوە لە نێوان لایەنەکاندا بەرجەستە بووە. گوتیشی خاڵی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی هەرێم کە ڕاستەخۆ لە لایەن خەڵک یاخود لە پەرلەمان بێت ناکۆکی لەسەرە بەڵام گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە لە نێوان لایەنەکان بەردەوام دەبێ بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن. هاوکات د.فوئاد نەیشاردەوە کە دوای کۆبوونەوەی ئێوارەی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێم لە ڕێکەوتی 18/8 و دواتر کۆبوونەوەی پێنج‌قۆڵی لە بەرەبەیانی ڕۆژی 19/8 بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ووڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێکەوتن کرا لەسەر دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان؛ نیگەرانی لە لایەن پارت و لایەنە سیاسییەکان درووست بوو بەهۆی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی 19/8 هەرچەندە بەهۆی تەواو نەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران کۆبوونەوەکە هەڵگیرا.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ده‌یشڵێ، کە کە ئێستا قوناغی مەترسی داڕمانی سیاسی و بۆشایی یاساییمان تێپەڕاندووە، جەختی لەوەش کردەووە کە خۆشبەختانە هەموو لایەنەکان لەگەڵ ڕێکەوتنی سیاسین و هیچ لایەنێک لەگەڵ شەڕ و توندوتیژیدا نیە. هاوکات سوپاسی هەموو ئەو وڵات و لایەنە نێودەوڵەتییانەی کرد کە پشتیوانی پڕۆسەی سیاسی و سەقامگیری و ئاسایشیان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

لە بەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم پشتیوانی لە هەنگاوەکان و پرۆسەی چاکسازی بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی بەغدا دەکات، بەڵام دەبێت ئەو چاکسازی گۆڕانکاریانە بەپیی بەرنامەو پلانی پیشوەخت بێت و تەواوی لایەن و پێکهاتەکانی عێراق تێیدا بەشداربن و ئامانجەی ڕوون بێت کە بە چ میکانیزمێک ئەو کارە دەکرێ؛ چونکە ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو نابێ ئەگەر پشتیوانی هەموو پێکهاتەکانی نەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پشتگیری چاکسازی دەکەین.

پاشان باڵیۆز نەزمی حەزوری سەرکونسوڵی دەوڵەتی فەڵەستین لە هەرێم کە سەرۆکی سلکی دیپلۆماسییشە لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە و خستنەڕووی زانیارییەکانی کرد، هاوکات بە ناوی هەمووانەوە هیوای خواست لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی هەمووان پێکەوە کاربکەن و گرنگە بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێکەوتن بۆ سوودی هەرێمی کوردستان و تەواوی گەلانی عێراق.

دواتر دپلۆمتکاران و نوێنەرانی وڵاتی بیانی لە هەرێم کە بەشداری کۆبوونەوەکە پرسیار و تێڕوانیەکانیان خستەڕوو و هەروەها پشتیوانی وڵات و دامەزراوەکانیان بۆ هەرێم دووپاتکردەوە؛ لەمڕووەشەوە لە لایەن بەرپرسانی هەرێم بەشدار لە کۆبوونەوەکەدا وەڵامی پێویست درانەوە. لەوانە بەڕێز ئالان گێپخارت کونسوڵی گشتی کۆماری فەڕەنسا وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێم گوتی هەرێمی کوردستان مێژوویەکی دیاری هەیە و پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە دیوە، هەروەها وتی هەرچەندە پێمان باشبوو لایەنەکان پێش 20/8 بگەنە ڕێکەوتن؛ بەڵام هیوادارین ئەو پینج لایەنە زووتر ڕێک بکەون. هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سۆکۆڵ کۆندی سەرۆکی نووسینگەی یۆنامی لە هەولێر جەختی لە بەردەوامبوونی پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەردەوام و پشتیوان دەبن بۆ چارەسەر و گەیشتنی لایەنەکان بە ڕێکەوتن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار