مەسروور بارزانی: هەڕەشە و مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسی نییە.. کاکەحەمە: لەگەڵ پارتیدا هاوڕاین

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی شاندی پارتیی دیمۆکراتی کوردستان(مەسروو بارزانی) بە بایەخەوە لە ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستانی ڕوانی کە تێکەڵ بە جیاوازییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەبووە و ڕایشیگەیاند، هەڕەشە و مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نییە. هاوکات (محەممەدی حاجی مەحموود) ڕایگەیاند، دەربارەی پرسە هەنووکەییەکان لەگەڵ پارتیدا هاوڕاین و پێمان باشە سەرۆک لە نێو خەڵکەوە هەڵبژێردرێ.
پاش کۆبوونەوەی نێوانیان، سکرتێری حزبی سۆسیالدیمۆکراتی کوردستان، لە کۆنگەرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هاتنی شاندی پارتی، دەربارەی دۆخی هەنووکەیی هەرێم و پرسە نێوخۆییەکانە، دەربارەی کێشەکان قسەمان کردووە و ڕاوبۆچوونمان لێک نزیک بوون، ئومێدیش دەکەین کۆبوونەوەی لایەنەکان بگەن بە ئەنجامێکی باش. چونکە خەڵک سەقامگیری دەوێ و پێشمەرگەیش پشتیوانیی زیاتری دەوێ، هەڵبەت ئەمانەیش وابەستەی ئارامی و سەقامگیرییی سیاسیی نێوخۆیین.
سەرۆکی شاندی پارتی (مەسروور بارزانی) ڕایگەیاند، هاتنمان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پرسە هەنووکەییەکانی نێوخۆن، ئێمە سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی (کاکەحەمە) دەکەین لە بەرگریکردن و قوربانیدانی بۆ وڵاتەکەمان، هەڵبەت ئەمانە جێی پێزانینە، دەربارەی هەڵوێستی سیاسییش، لە بۆچوونەکانماندا کۆک بووین، قسەیشمان لەسەر ئەوە کردووە کە، پێویستە کۆبوونەوەی لایەنەکان وەڵامگۆی داواکاریی خەڵکی کوردستان بێت.
لە وەڵامی ئەوەدا کە دەگوترێ حزبی سۆسیالدیمۆکراتی کوردستان، لە پرسە سیاسییە هەنووکەییەکاندا وەک پاشکۆی پارتی دەرکەوتووە، (کاکەحەمە) گوتی، ئێمە ڕاوبۆچوونی تایبەت بە خۆمانمان هەیە دەربارەی هەر پرسێک بێ، ئەوەی لە پەرلەمانیش گوزەرا لە ١٩ـی ئاب، ڕای تایبەت بە خۆمان بووە و، جەختیش دەکەینەوە کە، ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان بە باشی بزانین هەر ئەوە دەکەین.
هاوکات (مەسروور بارزانی) ڕایگەیاند، ئەو دۆخەی دەیبینین دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی دیمۆکراسییە لە هەرێمدا و جێی خۆشحاڵییە، چونکە کاتێك دەبینین کە هێزەکانی پێشمەرگە تێکەڵ بەم ململانێ سیاسیانە نەبوون، گوزارشتە لە سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی (سەرۆک بارزانی) و نیشتیمانپەروەرانی دیکە و، نیشانی داوە کە بنەماکانی دیمۆکراسی تا ئاستێکی باش جێگیر بووە.
دەربارەی ئەو مەترسییەیسی کە گوایە ئەم جیاوازییەی نێوان پێنج لایەنە سەرەکییەکە دۆخیکی مەترسیداری هێناوەتە ئاراوە، (مەسروور بارزانی) دڵنیایی دا کە، هەڕەشە و مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نییە، ئەگەر لایەنێکیش وەها هەوڵێکی بۆ تێکدانی ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە هەبێ، ئەوا سەرکەوتوو نابێ.
سەرۆکی شاندی پارتی گوتیشی، کۆبوونەوە پێنجقۆڵییەکان بەردەوامن و ویستوویشمانە، کۆی لایەنەکانی پەرلەمان لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بن، نەک هەر بەتەنیا ٥ لایەنەکە، چونکە ناکرێت لە جیاتی ئەوان بڕیار بدەن.
دووپاتیسی کردەوە کە، حەق نییە بەم شێوەیە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم لە کەسایەتیی (سەرۆک بارزانی)ـدا کورت بکرێتەوە، هەڵبەت کە دەربارەی ئەم پرسە لایەنێک و زیاتر بیانەوێ ڕای خۆیان بسەپێنێن وەک ئەوەی بینیمان، کە لە دەرەوەی سازان بێ، قبووڵ نەکراوە نایشکرێ و، لە دەرەوەی سازان وەها هەوڵێک سەر ناگرێت، بۆیە ئێستا لایەنەکان گفتوگۆ دەکەن و ئومێد دەکەین بسازێن.
دەربارەی پرسی شەفافیەت کە پێشتر زۆری لەبارەوە گوتراوە، (کاکەحەمە)، دۆخی کۆبوونەوە پێنجقۆڵییەکانی وەک نموونە خستە بەر باس و گوتی، کاتێک کە باس لەوە دەکەن شەفافیەت هەبێ، باشە لەو کۆبوونەوانەدا بۆ باس و خواسەکان بە خەڵک نەگەیەنراون، تا خەڵکی کوردستان بزانن لە کۆبوونەوەکاندا چ دەگوزەرێ! دواجار بە هیواین خزمەت بە خەڵک بکەن.
پێوەست بە سیستمی سیاسیی هەرێمیش رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەداین سیستمیک بۆ هەرێمی کوردستان هەبێ و خزمەت بە کوردستانیان بکات، دیارە کە سیستمیش بۆ سەرۆکی هەریێم نییە و بۆ کوردستانیان و حوکمڕانییە؛ دیارە باوەڕیشمان بەوەیە کە هەڵبژاردنی سەرۆک لە لایەن خەڵکەوە بێ و ئەوکاتیش هەر کەسێک خۆی هەڵدەبژێرێ، ئەوە ئەرز و ئەوە گەز با بێتە مەیدان و خۆی هەڵبژێرێت.




