بە هۆی شەڕی توركیا و پەكەكەوە 90 خێزانی باكوور ئاوارەی سۆران بوون

سۆران -KDP.info- بە هۆی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیاوە، تا ئێستا زیاتر لە 90 خێزان لە سنووری شارۆچكەی شەمزینانی باكووری كوردستانەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و، لە هەر دوو شارۆچكەی مێرگەسوور و سۆران نیشتەجێ كراون.
(عەباس ئەمیر) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ ڕێكخراوی قەندیل، كە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییە و سەر بە UNـە، هاوكاریی بەسەر ئەو ئاوارانەی باكووری كوردستاندا دابەش كرد كە لە دەڤەری سۆران نیشتەجێن، هاوكارییەكەیش پێك هاتبوو لە خۆراك و جلوبەرگ و كەلوپەلی ناوماڵ، پێشتریش دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش كردبوو".
(عەباس) گوتیشی: "بەپێی ئامارەكان تا ئێستا 90 خێزان هاتوونەتە سنووری مێرگەسوور و سۆران، كە ژمارەیان زیاتر لە 450 كەسە، ئەوەی ئێمەیش لە دەستمان بێت بۆ ئەو ئاوارانەی دەكەین، بەڵام بە هۆی ئەوەی هیچ كەمپێك لەو دوو شارۆچكەیە نییە، دابەش بوونە بەسەر خزم و ناسیاوەكانی خۆیان، ئەگەریش هاتنیان بەردەوام بێت، ناچارین شوێنێكیان بۆ دابین بكەین".
ڕابین شێروانی




