٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەمید بارزان خاڵە: ئێستا لە دواخاڵی سنووری هەرێمی کوردستانین.. ڕووبەری 10 تا 11کیلۆمەترمان ئازاد کردووە

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info-  عەمید (بارزان ئەحمەد خاڵە) جێگری لیوای شەشی پیادەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لەو هێرشە بەرفراوانەی کە بۆیان دیاری کرابوو، هەردوو گوندی ئەبوزەرگە و زەرگە کە دەکەونە سنووری خورماتووەوە ئازادیان کردوون و، ئێستا ئەوان لە دواخاڵی سنووری هەرێمی کوردستان جێگیر بوون.

عەمید (بارزان ئەحمەد خاڵە) جێگری لیوای شەشی پیادەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیمۆکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە سەعات پێنجی بەرەبەیانەوە لیوای شەشی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و دوو لیوای دیکە، هەڵمەتیان بردووەتەوە سەر هەردوو گوندی ئەبوزەرگە و زەرگە لە میحوەری خورماتوو، بەمەیش توانیویانە ڕووبەری 10 تا 11 کیلۆمەتر لە چنگی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکەن.
عەمید (بارزان ئەحمەد خاڵە) هەروەها رایگەیاند، بە ئازادکردنی ئەم دوو گوندە لە میحوەری خورماتوو، تەواوی سنووری هەرێمی کوردستان کەتووەتە دەست هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ئێستا ئەوانی لێ جێگیر کراون.
جێگری لیوای شەشی پیادەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، ئەوەی کە ماوەی هەڵمەتبردنیاندا بووەتە کۆسپی گەورە، ئەو مینانە بوون کە تیرۆریستان چاندبوویانن، بەڵام تیمی مینهەڵگەرەوەی هێزەکانیان، ڕۆڵێکی باشیان بینی لە هەڵگرتنەوەیان تا پێشمەرگە زیانبار نەبێ.. ''هێزەکانمان سەلامەتن و زیانی گیانیمان نەبووە.''
هاوکات دەڵێت، ''بەرلەوەی هێرش ببەین، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، ڕٶڵی گرینگ و باشیان هەبووە لە کوتانی پێگە و مۆڵگەکانی تیرۆریستان و زیانی زۆری پێگەیاندبوون.''

هەواڵی پەیوەندیدار