سهرۆك بارزانی: كاك فەرەیدوون بە سەربەرزی ژیا و بە سەربەرزی ماڵئاوایی كرد.. هەمیشە یادی وەك قارەمانێكی گەلەكەمان بە زیندوویی دەمێنێتەوە

ههولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) بەبۆنەی شەهیدبوونی (فەرەیدوون جوانڕۆیی) له پرسهنامهیهكدا رایگهیاند "بە داخەوە ئەمڕۆ گەلەکەمان فەرماندەیەکی ئازا و پێشمەرگەیەکی ماندوونەناسی لە دەست دا، كە بۆ شەخسی منیش وەك هەڤاڵ و برایەكی زۆر ئازیز و گرانبەها بوو. شەهیدبوونی کاک (فەرەیدوون جوانڕۆیی)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و پێشمەرگەی دێرین و فەرماندەی میحوەری خازری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دڵگران و خەمباری کردم، کە بەداخەوە لەکاتێکدا دەگەڕایەوە سەر ئەرکەکەی بۆ پاراستنی کوردستان، بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیانی لە دەست دا و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی سەربەرزی کوردستان".
دهقی پرسهنامهی (سهرۆك بارزانی) بهبۆنهی شههیدبوونی
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بە داخەوە ئەمڕۆ گەلەکەمان فەرماندەیەکی ئازا و پێشمەرگەیەکی ماندوونەناسی لە دەست دا كە بۆ شەخسی منیش وەك هەڤاڵ و برایەكی زۆر ئازیز و گرانبەها بوو. شەهیدبوونی کاک (فەرەیدوون جوانڕۆیی)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و پێشمەرگەی دێرین و فەرماندەی میحوەری خازری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دڵگران و خەمباری کردم کە بەداخەوە لەکاتێکدا دەگەڕایەوە سەر ئەرکەکەی بۆ پاراستنی کوردستان، بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیانی لەدەست دا و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی سەربەرزی کوردستان.
ئەو مرۆڤە تێکۆشەرە هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی گەل و وڵاتەکەی تەرخان کرد و لە ساڵی 1967ـەوە هاتە نێو ڕیزەكانی شۆڕش و جێگەی دەستی لە هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان دیارە. لەماوەی ساڵی ڕابردوویشدا وەک فەرماندە و پێشمەرگەیەکی ئازا ڕۆڵیکی بەرچاوی لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرانبەر تیرۆریستان هەبوو و تا دوا هەناسەی بە دڵسۆزی مایەوە و لە دەستدانی خەسارەتێکی زۆر گەورەیە. كاك فەرەیدوون بە سەربەرزی ژییا و بە سەربەرزی ماڵئاوایی كرد و هەمیشە یادی وەك قارەمانێكی گەلەكەمان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لەم بۆنە خەمناکەدا، پرسە و سەرخۆشیی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی و سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم. پرسە و هاوخەمیی خۆم بە خانەوادەی تێکۆشەری کاکە فەرەیدوون و سەرجەم خزم و کەسوکار و هەڤاڵانی خوالێخۆشبوو ڕادەگەیەنم و لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە ئۆقرەیی و دڵنەوایی بەهەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
مهسعوود بارزانی




