٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری: بەغدا موستەحەقاتی پێشمەرگە نانێرێت.. هاوپەیمانان یارمەتیمان دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر فەرمانی سەرۆكی هەرێم و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی پێشمەرگە كار و چالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن و، ئەو چەكانەی كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەگەنە كوردستان، بە یەكسانی و بەپێی پێویستیی بەرەكانی جەنگ دابەش دەكرێن، هەر ئەمەیش هۆكارێك بوو بۆ ئەو سەركەوتنانەی كە هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگدا بە دەستیان هێناوە.

(د. دیندار زێباری) سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە بۆ وەڵامدانەوەی دواڕاپۆرتی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردبووەوە، تیشكی خستە سەر هەوڵە بەردەوامەكانی یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لەم بارەیەوە گوتی: "كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم پرسەی لە ئەولەویاتی كارەكانی خۆی داناوە و لە هەوڵی بەردەوامدا بووە بۆ ئەوەی گشت هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا كۆ بكاتەوە، بەڵام ئەم پرۆسەیە پێویستی بە بوودجەیەكی زۆر هەیە و، ئێستایش كوردستان بە قەیرانێكی ئابووریی سەختدا گوزەر دەكات، ئەمەیش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە هەنگاوەكان لەم بوارەوە وەك پێویست نەنرێن، چونكە سەرەڕای ئەوەی رێككەوتنی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی حكوومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی كاری هاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و، جگە لەوەی پێشمەرگە لە بەرەیەكی دووردورێژی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتردایە دژی تیرۆریستان، بەڵام حكوومەتی ئیتیحیادی موستەحەقاتی پێشمەرگە نانێرێت".
(زێباری) ئاماژەی بەوە كرد، پێشمەرگە رۆڵێكی دیاری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دوورخستنەوەی ئەم ناوچانە لە هەڕەشەكانی داعش و پاراستنیان هەبووە، هەروەها هێزی پێشمەرگەیش دوور لە دەستتێوەردانی حزبی كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن و، راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەكرێن لە هەموو روویەكەوە.
هاوكات (د. دیندار) سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانی كرد بۆ ئەو یارمەتیانەی بەردەوام پێشكەشی پێشمەرگەی دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن لەو ئەركەی لەسەر شانیانە رووبەرووی دڕەندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی ببنەوە و لە جیاتی هەموو جیهان دژی بوەستنەوە.
لە بارەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە كە راپۆرتی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێ كردووە،  جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان گوتی: "پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە پێشڤەچووندان و ئێستا لە هەولێری پایتەختی كوردستان (33) نوێنەرایەتی و كۆنسووڵگەریی وڵاتانی جیهان، كارە دیپلۆماسییەكانی خۆیان رادەپەڕێنن، ئەمەیش نیشانەی سەقامگیری و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامییە لە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو جۆرە ئاسانكارییەكان پێشكەش دەكات بۆ ئەوەی كارەكانیان ئەنجام بدەن. سەبارەت بە وڵاتە ئیقلیمییەكانیش، پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام پەرەیان پێ دەدرێت لەگەڵ ئەم وڵاتانە لە بواری ئابووری و سیاسی و بازرگانی و ئاڵۆگۆڕی رۆژانە و، بەردەوامیی سەر سنووری ئەم وڵاتانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان نیشانەیەكی زیندووی پێشكەوتنی ئەم پەیوەندیانەیە كە حكوومەتی هەرێم هەمیشە لە هەوڵدایە زیاتر پەرەیان پێ بدات و هەماهەنگی بەردەوامی ئەم وڵاتانەیە لەم بوارەوە".
(زێباری) گوتیشی: "سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی دیار و بەرچاوی هەبووە لە هێنانەدیی ئاشتی و پێكەوەژیان لە رۆژئاوای كوردستان و، زەمینەی ساز كرد بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی دهۆك لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا، هەروەها بە هەوڵ و كۆشش و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شاری كۆبانی لە دەست داعش رزگار كرا دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە چەند كاروانێك و بە چەكی قورسەوە لە رێگای وڵاتی توركیاوە چوونە ناو شاری كۆبانی، بۆ هاوكاریكردن و یارمەتیدانی شەڕڤانانی رۆژئاوا لەو شارەدا".

هەواڵی پەیوەندیدار