٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بڕیارەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق هێشتا نەچوونەتە واری چاكسازییەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق تا ئێستا نەچوونەتە واری چاكسازییەوە. دەشڵێت، ئامانج تیایدا لێدانی پۆستی نوێنەرانی پێكهاتەكانی دیكەی عێراقە لە حكوومەتدا كە دەنگیان لە بڕیارداندا هەبوو.

(د. بێریوان خەیلانی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە كاتێكدا كە تەواوی گەلی عێراق سەرقاڵی خۆپێشاندانن و داوای ئەنجامدانی چاكسازی و رزگاربوونیان لە گەندەڵی و جێبەجێكردنی خزمەتگوزاری و بەرقەراربوونی ئەمن و ئاساییش لە وڵاتدا دەكەن كە بە هیچ شێوەیەك بوونیان نییە، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو گۆڕانكارییەی ناو وەزارەتەكان و حكوومەت كە (عەبادی) ئەنجامی دەدات بە بێ‌ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هاوشانی بە بیانووی دروشمی چاكسازییەوە، ئەمە جێگای نیگەرانییە كە بڕیارەكانی سەرۆكوەزیران تا ئێستا نەچوونەتە بواری چاكسازیی راستەقینە یان لێپێچنەوە و سزادانی هیچ گەندەڵكارێك نەكراوە".

(خەیلانی) گوتیشی: "ئەمە تەنیا بڕیاری كەمكردنەوەی پارەیە بە شێوەیەكی راستەخۆ كە ئامانج لێی، لێدانی پۆستی نوێنەرانی پێكهاتەكانی دیكەی عێراقە لە حكوومەت كە دەنگیان لە بڕیارداندا هەبوو، ئەو حكوومەتەی كە هەموو لایەنێك و پێكهاتەیەك دەنگیان بۆ دا تا دەنگی تاكڕۆیی لە دەسەڵات و چارەنووسی وڵات جێگای نەبێتەوە".
داوایشی لە (عەبادی) كرد بۆ خستنەڕووی ئەو پێوەر و میكانیزمەی كە بڕیارە بە هۆیەوە پۆستی وەزارەتەكان و پۆستەكانی دیكەی حكوومەت كەم بكاتەوە یان ئەو هەنگاوە راستەقینانە كامانەن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی كە گەل داوایان دەكات. "هۆشداری دەدەم لەبارەی كودەتا لەسەر بەرنامەی حكوومەت كە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی بۆ درا و بەپێی ئەو دەنگانە حكوومەت پێك هات، بۆیە داوا لە (عەبادی) دەكەم ئەم بەرنامەیە جێبەجێ بكات كە هەموو هەنگاوە راستییەكان لە خۆ دەگرێت بۆ نموونە چاكسازیی سیاسی و ئەمن و ئاساییش و خزمەتگوزاری".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران زیاتر گوتی: "تێناگەین بۆ (عەبادی) لەبارەی هەر بڕیارێك یان كەمكردنەوەیەكی تاكەكەسی لە دەسەڵات یان پشتگوێخستنی پێكهاتەكانی دیكەی گەلانی عێراق لە كاری سیاسی، وڵات بەرەو نەهامەتی دەبات, چونكە حكوومەتەكانی دیكەی عێراق لە ماوەی رابردوودا ئەوەیان سەلماند كە عێراق ناتوانێت حوكمی تاكڕۆیی لە دەسەڵاتدا پیادە بكات".
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار