دوو وهزیری نۆرویژ ستاییشی خهڵك و حكوومهتی ههرێمیان كرد

ههولێر-KDP.info-سهرۆكوهزیرانی كوردستان لهپێشوازی دوو وهزیری حكوومهتی نۆرویژ دا، سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە خەڵك و حكوومەتی نۆرویژ ڕاگەیاند كە لەكاتی تەنگانەدا هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە..ههردوو وهزیرهكهی نۆرویژیش ستاییشی خهڵك و حكوومهتی ههرێمیان كرد.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 24/8/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە (بۆرگ برێندێ) وەزیری دەرەوە و خاتوو (ئینا ئیركسن) وەزیری بەرگریی نۆرویژ و شاندێكی دیپلۆماتكار و سەربازیی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا وەزیری دەرەوەی نۆروێژ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە توانیویەتی هەندێك لەو گرفتانە چارەسەر بكات كە لەسەرتای هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر ناوچەكە دروست ببوون.
هەروەك سوپاس و ڕێزی خۆی بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پیشان دا كە توانیویانە باوەش بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە ئاوارە و پەنابەران بكەنەوە و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكەن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەم هەوڵە مرۆییەی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنێت. هەروەك ئاماژەی بەوە كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێزەوە سەیری قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات كە توانیویەتی بەوپەڕی نەبەردییەوە ڕووبەڕووی تیرۆرستانی داعش ببێتەوە و هێرشەكانیان تێك بشكێنێت.
وەزیری بەرگریی نۆرویژیش پابەندبوونی وڵاتەكەی لە بەردەوامی هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بە تایبەتی لە ڕووی مەشق و ڕاهێنانەوە دەربڕی و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئەو پێشكەوتنانە پیشان دا كە لە بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان، بەدی هاتوون.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی شاندی نۆروێژی كرد و سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە خەڵك و حكوومەتی نۆرویژ ڕاگەیاند كە لە كاتی تەنگانەدا هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست كە لە ڕووی مەعنەویەوە كاریگەرییەكی بەرچاوی هەبووە.
لەبارەی ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانیشەوە، (نێچیرڤان بارزانی) داوای لە حكوومەتی نۆرویژ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد ڕاستەوخۆ یان بەڕێگەی ڕێكخراو و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە هاوكاریی مرۆیی زیاتر پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكەن و لەڕووی مەشق و راهێنانیش بە هێزی پێشمەرگە، بەردەوام بن.
گفتوگۆكردنی بارودۆخی عێراق و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
لە دیدارەكەدا هەریەك لە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.




