عەبادی دەسەڵاتی هەمواركردنەوەی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نییە

هەولێر-KDP.info- (ئەردەلان نوورەدین) دەڵێت، سەرۆكوەزیران دەسەڵاتی هەمواركردنەوەی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نییە، بەڵكە ئەمە كاری پەرلەمانە و پێویستی بە دوو لەسێی دەنگەكان هەیە. گوتیشی بەو شێوەیەی كە باس دەكرێت، دەبێتە كودەتا بەسەر دەستوورەوە، لەبەر ئەوەی دەستوور هەیە و رێزی لێ گیراوە و تارادەیەكیش جێبەجێ كراوە، بۆیە ناكرێت كۆتایی بە هەموو بابەتەكان بێنێت.
ئەم لێدوانەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە کە، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە سەرۆكوەزیران بەنیازە دەستووری عێراق هەموار بكرێتەوە، پەرلەمانیش هەڵبوەشێندرێتەوە و حكوومەتێكی ئینتیقالی دروست بكرێت،
(نوورەدین) گوتیشی، ئەگەر دەستوور هەمواریش بكرێتەوە، پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەكان هەیە و ئینجا بخرێتە راپرسییەوە و گەل دەنگی لەسەر بدات، بۆیە هەمواركردنەوەی ئاسان نییە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونیشی كردەوە: "سەرۆكوەزیران دەسەڵاتی ئەوەیشی نییە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵكە پەرلەمان خۆی دەتوانێ بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆككۆمار ئەو كارە بكات، ئەمە لە حاڵەتێكدا ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە حكوومەت نەدا، بەڵام ئێمە متمانەمان بە حكوومەت داوە، بۆیە ئەگەر ئەوەیش بكرێت پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەكان هەیە".
بڵند ئیبراهیم




