هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی رەوانەی قەرەتەپە كراوە

قەرەتەپە-KDP.info- بەرپرسی ناچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە ئاشكرای كرد، بە بیانووی بوونی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە، لە شەوی رابردووەوە هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی لە ناوچەكە بڵاوەیان پێ كراوە، ئەمەیش ترس و دڵەڕاوكێی لای خەڵكی ناوچەكە دروست كردووە.
(كەمال ئیبراهیم) بەرپرسی ناچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوو شەو پێشتر، دوو هەلیكۆپتەر هاتوونەتە سنوورەكە و گوایە كە چەك و كەلوپەلی سەربازییان فڕێ داوە، ئەمەیش وا لێك دراوەتەوە كە داعش دەیەوێت لەو ناوچانە خۆیان رێكبخەنەوە؛ پێشتریش چەند كردەیەكی تیرۆریستییان لە ناوچەكە ئەنجام داوە و چەند كەسێكیان لە پێش چاوی كەسوكارەكانیان كوشتوون، بۆیە شەوی رابرد هێزی پۆلیسی دیالە و هیزی سوات و عەسائیب ئەهلوحەق و گرووپەكانی حەشدیشەعبی، بە هێزێكی زۆرەوە هاتوونەتە ناوچەكە و، هەڵمەتێكیان بەرپا كردووە و، نیازیان وایە دوو گوندی دیكەی ناوچەكە وێران بكەن، ئەمەیش وای كردووە ترس و دڵەڕاوكێ لای خەڵكی دروست ببێت".
(كەمال) گوتیشی: "لەناوچەكەدا هێزی پێشمەرگە كەمە، ئەمەیش وای كردووە كوردی ناوچەكە ماڵەكانیان جێ بهێڵن و بەرەو شوێنی دیكە بڕۆن، بۆیە لە ئێستادا سنووری قەرەتەپە پێویستی بە هێزی پێشمەرگە هەیە و داوا دەكەین پێشمەرگەمان بۆ رەوانە بكرێت".
بڵند ئیبراهیم




