٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

(٣٨) بەشی نوێ لە زانكۆكان كرانەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦) ڕەزامەندیی لەسەر كردنەوەی (٣٨) بەشی زانستی نوێ لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا پێشان داوە.

(عەباس ئەكرەم) گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی زانكۆكان پڕۆپۆزەڵیان پێشكەش كرد بۆ كردنەوەی بەشی نوێ، وەزارەتەكەمان لە ڕێگەی فەرمانگەی پشكنین و دڵنیایی جۆری هەڵسەنگاندنی بۆ پڕۆپۆزەڵەكان كرد، دواتر لەبەر ڕۆشنایی بڕیار و ڕێنماییەكانی وەزارەت و هەڵسەنگاندنی پڕۆپۆزەڵەكان و، بەڕچاوكردنی پێداویستییە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتەكەمان ڕەزامەندیی لەسەر كردنەوەی (٣٨) بەشی زانستیی نوێ لە زانكۆ حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان پێشان دا".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەیشی خستە ڕوو، كردنەوەی ئەو بەشانە دەرفەتی وەرگرتن بۆ ژمارەیەكی زیاتر لە دەرچووانی پۆلی دوانزەیەمی ئامادەیی دەڕەخسێنێت.

(عەباس) ئاماژەیشی دا، لەو (٣٨) زانستییە نوێیە، دوو بەشیان (كارگێڕیی گشتی و ژمێریاری)ـن كە بۆ یەكەمین جارە لە دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە.
ڕوونیشی كردەوە، ئەو دوو بەشە سەر بە زانكۆی "چەرموو"ـن و لە قەرەهەنجیر كراونەتەوە. مەبەست لە كردنەوەی ئەو دوو بەشەیش، ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنە بۆ ئەو قوتابیانەی كە ئامادەییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم تەواو دەكەن.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتیشی: "ساڵانە لەلایەن زانكۆكانەوە پڕۆپۆزەڵ بۆ كردنەوەی بەشی نوێ پێشكەش دەكرێت، بەڵام هەندێك لەو بەشانە لەلایەن لێژنەی دڵنیایی جۆرییەوە لەناو دیوانی وەزارەت، بە هۆی بوونی كەموكوڕی لە پرپۆپۆزەڵەكان ڕەت دەكرێنەوە، بۆیە ئەمساڵێش لە كۆی ئەو داواكاریانەی كە لەلایەن زانكۆكانەوە پێشكەش كرابوون، وەزارەتەكەمان ڕەزامەندیی لەسەر كردنەوەی ئەو (٣٨) بەشە نیشان داوە كە لەگەڵ بڕیار و ڕێنمایی و ستراتیژی وەزارەتەكەمان و توانای زانكۆكان دەگونجێن، زۆربەی ئەم بەشانەیش بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٥ – ٢٠١٦ خوێندكار/ قوتابی وەردەگرن".

هەواڵی پەیوەندیدار