سێشهممهی دابێ حاجیانی ههرێم دەچنە حهج و، دەپاڕێنەوە، پێشمهرگه بە یەکجارەکی بهسهر داعشدا سەر کەوێ

ههولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئاینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ڕۆژی سێشەممە 25/8/2015 یەکەم گەشتی حاجیانی ئەمساڵ بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج لە فڕگه نێودەوڵەتییەکەی ھەولێرەوە بەرەو عەرەبستان بەڕێ دەکەون.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ڕۆژی سێشەممە 25/8/2015 یەکەم گەشتی حاجیانی ئەمساڵ بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج لە فڕۆکەخانەی ھەولێرەوە بەرەو عەربستان بەڕێ دەکەون و دوا بە دوای ئەوانیش لە ڕۆژانی دواتردا گەشتی دووھەم لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەکرێت."
سەبارەت بە ژمارەی حاجیانی ھەرێمی کوردستان (سەردار قوربانی) گوتی، ئەمساڵ ژمارەی حاجیان دەگاتە (3655) حاجی و پێکهاتەکەشیان بەم شێوەیە:
(2638) کەسیان پیاوە و (1017)یان ئافرەت؛
(1291) حاجی لە پارێزگای ھەولێرەوە؛
(1161) حاجی لە پارێزگای سلێمانییەوە؛
(954) حاجی لە پارێزگای دھۆکەوە؛
(249) حاجی لە ئیدارەی گەرمیانەوە؛
(30) مامۆستا و ڕێپیشاندەری ئایینی.
(5) مامۆستای ئاینی وەک لیژنەی فەتوا.
(17) پزیشک و کارمەندی تەندروستییە.
وتیشی، لەم پێناوەشدا وەزارەتی ئەوقاف لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عەمرەی کوردستانەوە تەواوی ھەوڵەکانی خستووەتە کار لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی حەج و ھەوڵی تەواو دەدات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی شایستە بۆ سەرجەم حاجیانی ھەرێم وەک دابین کردنی پاسی شایستە لە ناوخۆی ھەرێم بۆ گواستنەوەی حاجیان بۆ فرۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی وبە ھەمان شێوەش لە ناو سعودیە پاسی شایستەی دابین کردوە بۆ گواستنەوەی حاجیان لە نێوان شارەکانی مەککەی پیرۆز و مەدینەی منەوەرە و مەشاعر و مینا و مزدەلیفە و عەرەفەدا، ھەروەھا پێشکەشکردنی خواردنی سێ ژەمەی حاجیان لە شاری مەدینە و خواردنی سێ ژەمەی ڕۆژی عەڕەفە ودەستەبەر کردنی خێوەتی گەورەی جۆری ئەلمانی کە ئامێری فێنککەرەوەی تێدا بێت وکردنەوەی دوو نۆرینگەی پزیشکی 24 کاتژمێری تایبەت بە حاجیانی ھەرێم و دەستەبەرکردنی میوانخانەیەکی شایستە و نوێ لە شاری مەککەی پیرۆز کە لە توانایدا ھەیە سەرجەم حاجیانی ھەرێم بگرێتە خۆی لە ناوچەی (محبس جن) کە کەوتۆتە نزیک حەرەمی پیرۆزەوە.
حاجیانی ههرێم دهیانهوێ له حهجهوه نزای سهركهوتنی یهكجارهكی بۆ پێشمهرگه بهسهر داعش بكهن و ژمارهیهكیشیان به ئاڵای كوردستانهوه له سعودییه فهریزهكه بهجێ دێنن.
بڵند ئیبراھیم




