سیروان زەهاوی: عێراق ناتوانێت دەست بخاتە ناو كاروباری هەرێمەوە

هەولێر-KDP.info- (د. سیروان زەهاوی) پسپۆڕ لە بواری یاسا و دەستوور دەڵێت، سەرۆكی هەرێم لامەركەزییەتی سیاسییە، نەك ئیداری، هەرێمی كوردستانیش خاوەنی سەرۆك و حكوومەت و پەرلەمان و دادگای خۆیەتی، بۆیە عێراق ناتوانێت دەست بخاتە ناو كاروباری هەرێمەوە، ئەوەی هەندێك كەسیش دەیڵێن، هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووریی نییە.
(د. سیروان زەهاوی) پسپۆڕ لە بواری یاسا و دەستوور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "قسەكانی (تاریق حەرب) بنەمایەكیان نییە كە دەڵێت، بە گوێرەی دەستووری عێراق، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە دەتوانێت سەرۆكێكی كاتی بۆ هەرێمی كوردستان دابنێت، سەرۆكی هەرێم لامەركەزییەتی سیاسییە، نەك ئیداری، ئەوە لامەركەزیی ئیدارییە كە پارێزگارێك بە شێوەیەكی كاتی دابنرێت؛ بەڵام كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵییە، لامەركەزییەتەكەی، لامەركەزییەتی سیاسییە، لەبەر ئەوە پەرلەمان و حكوومەت و دادگای خۆی هەیە، هەتا دەستووری عێراقی باس لەوە دەكات كە دەبێت هەرێمی كوردستان دەستووری خۆی هەبێت، هەر لە دەستووری عێراقدا هاتووە ئەگەر یاسایەك لە عێراق دەربچێت پێچەوانەی هەرێمی كوردستان بێت، لەو هەرێمە جێبەجێ ناكرێت و یاساكانی خۆی جێبەجێ دەكات، كە لە ماددەی 110ـدا هاتووە، ئەوەی ئەو كەسە باسی دەكات لە ماددەی 78ـدا هاتووە، ئاماژە بەوە دەكات كە سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی سیاسەتی گشتی دەكات لە عێراقدا، ئەمەیش مانای ئەوە نییە سەرۆك بۆ هەرێم دابنێت، بەڵكە باسی سیاسەتی ئابووری و ئەمنی و شتی لەو بابەتە دەكات".
(زەهاوی) گوتیشی: "هەرێمی كوردستان لە زۆر شتدا پەنای بۆ دادگای عێراقی نەبردووە، كە لە بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتیی پەرلەماندا گەڕاونەتەوە بۆ ئەنجوومەنی شوورا، نەگەڕانەتەوە بۆ دادگای فیدڕاڵی، بۆیە ناكرێت ئەوان دەست لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەر بدەن، تەنانەتە ئەمەریكایش ئەو مافەی بە خۆی نەدا و تەنیا باسیان لەوە كردووە كە كێمان پێ باشە سەرۆكی هەرێم بێت، بۆیە ئەوە هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووریی نییە".
رابین شێروانی




