تاریق گەردی: قسەكانی تاریق حەرب نایاسایین

بەغدا-KDP.info- نوێنەری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(تاریق گەردی)، دەڵێت، ئەگەرچی لە ماددەی (121)ـی دەستووری عێراق، دەسەڵاتەكانی هەرێم دیاری دەكات و دەڵێت، بۆ دەسەڵاتی هەرێمەكان هەیە پیادەی دەسەڵاتەكانی یاسایی و جێبەجێكردن و دادگایی بكەن، بەڵام (تاریق حەرب) دەیەوێت بەم هەنگاوەی، (عەبادی) تووشی هەڵەیەكی یاسایی و دەستووری بكات.
(تاریق گەردی) لە رووی یاساییەوە وەڵامی لێدوانێكی (تاریق حەرب) دەداتەوە، كە ناوبراو وەكو پسۆڕی یاسایی بە یەكێك لە ماڵپەرە عێراقییەكانی راگەیاندووە، داوای لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە كەسێك بە شێوەیەكی كاتی لە سەرۆكایەتیی هەرێم دابنێت.
ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حاكم (تاریق گەردی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "ئەو لێدوانەی (تاریق حەرب) پسپۆڕی یاسایی كە ئاماژەی داوە بەپێی ماددەی (78) لە دەستووری عێراق، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق دەتوانێ سەرۆكێكی كاتی بۆ هەرێمی كوردستان دابنێت تا هەڵبژاردن دەكرێت، نایاساییە و من بە (تاریق حەرب) و ئەوانەی وەكو ئەو بیر دەكەنەوە و بە ناوی پسپۆڕی یاسایییەوە قسە دەكەن، دەڵێم، ئەو ماددەیە دەڵێت، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرۆكی جێبەجێكردنی راستەوخۆی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەوڵەتە، مەبەستی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵە لە رووی جێبەجێكردنەوە و سەركردەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، كە ئەنجوومەنی وەزیران بەرێوە دەبات و سەركردایەتیی كۆبوونەوەكان دەكات و، مافی ئەوەیشی هەیە خانەنشینی وەزیرەكان بكات بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی نوێنەران، واتا هەموو ناوەڕۆكی ماددەی (78) دەچێتە ناو ئیشوكاری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە سنووری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ".
حاكم (تاریق) گوتیشی: "ئەگەر بێینە سەر ماددەی (121)ـی دەستووری عێراق، دەسەڵاتەكانی هەرێم دیاری دەكات و دەڵێت، بۆ دەسەڵاتی هەرێمەكان هەیە پیادەی دەسەڵاتەكانی یاسایی و جێبەجێكردن و دادگایی بكەن بەپێی حوكمەكانی ئەم دەستوورە، تەنیا ئەو دەسەڵاتانەی لە ماددەی (110)ـدا هاتوون دەسەڵاتی ناوەندین، كە تێیدا هاتووە (بەڕێوەبردنی سیاسەتی فەرمیی دەرەوە تەنیا لە دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندیدایە)، ئەوانی دیكە بۆ هەرێمەكان خۆیان دەگەڕێتەوە".
(گەردی) دەیشڵێت: "(تاریق حەرب) دەیەوێت بەم هەنگاوەی، (عەبادی) تووشی هەڵەیەكی یاسایی و دەستووری بكات".
نەشوان بەرزنجی




