سێیان گەورەتیرۆریستن؛ ١٨داعشی دیکەیش كوژران

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كورستان رایگەیاند، بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە، سێ سەركردە و ١٨ تیرۆریستی داعش كوژراون و، هەر ئەمڕۆیش بە هۆی ئەوەی لە بەرەكانی جەنگ هەڵاتوون، داعش ٢١ چەكداری منداڵی خۆی گوللـەباران كردوون.
(عیسمەت رەجەب) بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كورستان، بە KDP.INFOـی راگەیاند: "فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە پردی سێی مووسڵ، چوار ئۆتۆمبێلی تیرۆریستانی داعشیان كردە ئامانج و، لە ئاكامدا سێ سەركردەی داعش كوژران كە یەكێكیان ناوی (وەحید سەبعاوی)ـیە و والیی پێشووی ڕەققە بووە لە سووریا".
(رەجەب) گوتیشی: "فەرمانگەی پزیشكی دادوەریی مووسڵ ئەم بەیانییە ١٨تەرمی تیرۆریستانی داعشی وەرگرتووە كە بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە لە میحوەری شنگال كوژران و، لەناو كوژراوەكانیشدا مێرمنداڵێكی ١٤ساڵان هەیە".
(عیسمەت رەجەب) ڕوونیشی كردەوە، تیرۆریستانی داعش ٢١چەكداری منداڵی خۆیان گوللەباران كرد، دوای ئەوەی لە بەرەكانی شەڕ لە ئەنبار هەڵاتبوون لە كاتی هێرشی هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كورستان دەشڵێت، هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش ١٦كارمەندی دیكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقیان گوللـەباران كرد و تەرمەكانیشیان رەوانەی بزیشكی دادوەریی مووسڵ كرد.
بڵند ئیبراهیم




