ئهمڕۆ یەکێتیی ئەورووپا ئۆفیس لە ھەولێر دهكاتەوه.. دەستکەوتێکی مێژوویی و پاڵپشتیێکی سیاسیی بەھێزیشە

ههولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکێتیی ئەورووپا ئۆفیسی فەرمیی خۆی لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
(دلاوەر ئاژگەیی) نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا به ماَڵپهرى فهرمیى پارتیى دیموكراتى كوردستانى رایگەیاند: "بڕیارە یەکێتیی ئەورووپا ئیمڕۆ ئۆفیسی فەرمیی خۆی لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستاندا بکاتەوە؛ کردنەوەی ئۆفیسی ھەماھەنگیی یەکێتیی ئەورووپا لە ھەرێمی کوردستان لە دوای ھەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی (سەرۆک بارزانی) و (کاک نێچیرڤان بارزانی) و، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دێت. هەڵبەت ئەمە بڕیارێکی گرینگی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ بەھێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەو یەکێتییە."
(ئاژگەیی) گوتیشی: "ئەم ئۆفیسە دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ ھەرێمی کوردستان و، پاڵپشتیێکی سیاسیی بەھێزیشە؛ هاوکات پەیامێکی روونی یەکێتیی ئەورووپایە لە بایەخدانی بە کوردستان و پێگە گرینگەکەی لە ناوچەکە و جیھاندا."
جێگەی ئاماژەپێدانە، پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا لە رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و، گەیشتووەتە ئاستێکی باش؛ نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش توانیویهتی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوەندە گرینگەکانی یەکێتیی ئەورووپا بە تایبەتی کۆمسیۆنی ئەورووپا و پەرلەمانی ئەورووپا بەرز بکاتەوە و، چەندین دەستکەوتی گرینگ بۆ کوردستان بە دەست بێنێت.
یەکێتیی ئەورووپا دامەزراوەیەکی گرینگی سیاسی و ئابوورییە کە ٢٨ وڵاتی ئەورووپایی لەخۆ دەگرێ و، نوێنەرایەتیی پتر لە ٥٠٠ ملیۆن کەس دەکات.
بڵند ئیبراھیم




