کیمیایی نەبووە.. تەقینەوەی بیرەنەوتێك تەندروستیی چەندان پێشمەرگەی تێك داوە

تلسقۆف-KDP.info- فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك لە میحوەری تلسقۆف ئاشكرای كرد، بە هیچ شێوەیەك چەكی كیمیاوی لە میحوەرەكەی ئەوان دژی پێشمەرگە بەكار نەهاتووە و، تەنیا بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانەوە بیرەنەوتێك تەقیوەتەوە و دووكەڵەكەیشی بووەتە هۆی تێكچوونی باری تەندروستیی چەند پێشمەرگەیەك.
عەمید (تاریق هەرنی) فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك، KDP.infoـی راگەیاند: "شەوی رابرد سەعات ١٠:٣٠خولەك فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە "كانی شرین"ـی گوندی مەسقەلات لە میحوەری تلسقۆف، بنكە و بارەگاكانی داعشیان كردە ئامانج و بەو هۆیەوە بیرێكی نەوت تەقییەوە و دووكەڵەكەی باری تەندروستیی چەند پێشمەرگەیەكی تێك دا".
(هەرنی) گوتیشی: "بەپێی راپۆرتە بزیشكیەكانیش چەكی كیمیاوی نەبووە، بەڵكە بە هۆی كاریگەریی ئەو دووكەڵەوە باری تەندروستیی پێشمەرگەكان تێك چووە".
ئەمەیش لە كاتێكدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە كە لە میحوەری تلسقۆف تیرۆریستانی داعش جارێكی دیكە چەكی كیمیاوییان بەرانبەر هێزی پێشمەرگە بەكار هێناوە و، بەو هۆیەیشەوە ژمارەیەك پێشمەرگە باری تەندروستییان تێك چووە.
بڵند ئیبراهیم




