پاریس.. خۆڕاگریی كورد بەرز نرخێندرا

پاریس-KDP.info- لە كۆنفڕانسی ساڵانەی ئابووریی سەركردایەتیی لاوانی ئەورووپادا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، كە نوێنەرانی 16 وڵاتی ئەورووپا تێیدا بەشدار بوون، باس لە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان كرا بەرانبەر تیرۆریستانی داعش و قەیرانی ئابووری و بوونی زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار ئاوارە لە وڵاتەكەیاندا.
جێگری سەرۆكی لاوانی دیموكراتی جیهان (فەلاح حەسەن)، لەو كۆنفڕانسەدا وتارێكی پێشكەش كرد و، تێیدا باسی لە بۆچوونی ڕێكخراوی سیاسیی لاوانی جیهانی كرد لە ڕوانگەی ئابووری و گوتی، لاوان فاكتەری بەهێزن بۆ بەرەوپێشبردنی وڵات بە گشتی و ئابووری بە تایبەتی.
دواتر ئاماژەی بە كێشە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرد لە بڕینی مووچە و بوودجەی خەڵكی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی كورد و پێشمەرگە لە بری هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكات، قەیرانی ئابوورییشی هەیە، هاوكات جێگەی زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار ئاوارەی سووریا و ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی كردووەتەوە.
جێگری سەرۆكی لاوانی جیهان، میللەتی كوردی بە خۆڕاگر وەسف كرد و گوتی : "ئاسان نییە بۆ هیچ گەلێك بەو شێوەیە خۆ ڕاگر بێت كە شەڕی تیرۆر بكات و قەیرانی ئابوورییشی هەبێت".
كارزان حەیدەر




