دڵشاد شەهاب: لایەنەكان كۆكن لەسەر ئەوەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم ئەوەندەی سیاسییە، یاسایی نییە
__2015_08_22_h13m37s43__RM.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دەڵێت "لایەنەكان كۆكن لەسەر ئەوەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم ئەوەندەی سیاسییە كە پێویستە لە دەرەوەی پەرلەمان چارە بكرێت، ئەوەندە پرسێكی یاسایی نییە." هەروەها دەڵێ، پاش کۆبوونەوەی ١٩ـی ئاب و داوای پێنج لایەنەکە بە دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام کە دوایاننەخست وایانزانی دەتوانن نیساب تەواو بکەن و پرسێکی هەرەگرینگ تێپەڕێنن، یان وەک کارطێکی گوشار بەرانبەر بە پارتی بە کاری بهێنن.
(دڵشاد شەهاب) بە بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە، هەوڵی ئەنجامدانی كۆبوونەوە لە 19ـی ئاب كاریگەریی هەبووە لەسەر كۆبوونەوە پێنجقۆڵییەكان و، هەڵبەت جۆرێك لە بێمتمانەیی لای لایەنەكان دروست کرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە ئەگەرچی داواكاریی دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمان داواكاریی هەموو لایەنەكان بوو.
گوتیشی "خودی بزووتنەوەی گۆڕانیش داوای كرد كە كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی بۆ دوابخرێت، ئەویش پاش ئەوەی چوونە دەرەوەی هۆڵی كۆبوونەوەكە و قسەیان لەگەڵ كاك (نەوشیروان مستەفا) كرد، هاتنە ژوورەوە و وتیان با كۆبوونەوەكە بۆ ڕۆژی یەكشەممە دوابخرێت".
(دڵشاد شەهاب) زیاتر لەسەر ئەم خاڵە هەڵوەستەی کرد و گوتی "خۆم پێوەندیم بە سەرۆکی پەرلەمانەوە کرد کە لە بزووتنەوەی گۆڕانە و ڕێککەوتنی لایەنەکانم پێڕاگەیاند و، پێیشم گوت کە بۆ ئەوەی هیچ لایەک 'ئیحراج' نەبێ دەکرێ بەم شێوەیە کۆبوونەوەک دوا برێ، بەڵام دیار بوو کە سەرۆک پەرلەمان سوور بوو لەسەر سازدانی کۆبوونەوەکە و ئەمەیش نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا؛ بەڵام لە هەموو بارێکدا کۆبوونەوەکە بۆ هۆی تەواونەبوونی نیسابی قانوونییەوە دوا خرا."
لە وەڵامی ئەوەیشدا کە بۆچی فڕاکسیۆنی پارتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی لە پەرلەمان نەکردووە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوە پێنجقۆڵییەكان دەڵێت" داواكاریی دواخستنی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بۆ ڕۆژی یەكشەممە، داوای پارتی نەبووە، بەڵكو بەرەنجامی گفتوگۆی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بووە و، لەپێناو بەردەوابوونی کۆبوونەوەکان بووە تا گەیشتن بە سازانێک؛ باشە لە وەها دۆخێکدا بۆ پارتی بە تەنیا داوا بکات کە ئەم دواخستنە لەسەر داوای هەموو لایەنەکانە؟ ئەوی ڕاستی بێت، کە داوایشیان لە پارتی کرد داوا لە پەرلەمان بکات تا کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دوا بخرێت، مەبەستیان بوو بە جەماوەرەکەیان بڵێن ئێمە لەگەڵ ئەوە نەبووین کۆبوونەوە دوا بخرێت و فڕاکسیۆنەکانی ئێمە سەربەخۆن و پێوەندییان بە بڕیاری سیاسیی حزبەکانەوە نییە، هەڵبەت ئەمەیش لە هیچ شوێنێکی دنیادا نییە، چونکە مادام فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمانی بە لیستی حزبییەوە لە پەرلەمانن، دەبێ پابەندی بڕیارە سیاسییەکانی حزبەکانیشیان بن."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی بە باسکردنی نموونەیەک زۆرتر لەسەر ئەم پرسە دوا و گوتی "کاتێک من پەرلەمانتار بوو، چوومەتە بەریتانیا و لە شێوازی سەربەخۆبوون و پابەندی بە بڕیاری سیاسیی حزبەکانیانم کۆڵیوەتەوە و پێیان گوتم، کە ڕاستە لە هەندێ پرسی لاوەکیدا پەرلەمانتار ئازادن، بەڵام بۆ ئەو پرسانەی کە پێوەندییان بە سیستمی فەرمانڕانی و هەڵبژاردن و پرسە نیشتیمانییەکانەوە هەیە، پەرلەمانتار پابەندی بڕیاری حزبەکانیانن، ئەمە لەو پەرلەمانەی کە لە کاری پەرلەمانتاریدا کۆنترینە؛ کەوایە بۆچی دەبێ پارتی دەبێ بچێ لیێیان بپاڕێتەوە تا کۆبوونەوە دوا بخەن، لە کاتێکدا کە ئەمە ڕێککەوتنێکی پێنجقۆڵی بوو و هەموومان، بە ئامادەبوونی ئەمەریکایی و بەریتانیاییەکان کۆک بووین لەبارەیەوە، هەروەها پەیامێک لە لایەن هەموو حزبەکانەوە درابوو بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئینجا سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکفراکسیۆنەکان دەستەڵاتی دواخستنی کۆبوونەوەیان هەیە، ئەمە پرسێکە و لە خوولەکانی پێشووتریشدا پێشینەی هەبووە."
هەر دەربارەی ئەم پرسی داوای دواخستنە زیاتر ڕوونی کردەوە، "پاش کۆبوونەوە داوا کرا با پاش ئەوەی کە ڕێککەوتووین، پەیامێکی نووسراو ئاراستەی پەرلەمان بکەین، بەڵام ئامادە نەبوون ئەم کارە بکەن، چونکە ئەوان نیازیان وا بوو کە دەتوانن کۆبوونەوەکە دەکەن و نیساب تەواو دەبێ و پرسێکی هەرەگرینگ تێدەپەڕێنن، بۆ ئەوی بیکەن بە کارتێکی گوشار بەسەر پارتییەوە، بەڵام باش بوو کە نیساب تەواو نەبوو، ئەگینا کێشەکەی زۆر قووڵتر دەکردەوە و ئەوکات گەیشتنە ئەنجامی پێکەوەبوون زۆر ئەستەم دەبوو."
ئەندامەكەی لیژنەی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوە پێنجقۆڵییەكە دەیشڵێت "لایەنەكان كۆكن لەسەر ئەوەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم ئەوەندەی سیاسییە كە پێویستە لە دەرەوەی پەرلەمان چارە بكرێت، ئەوەندە پرسێكی یاسایی نییە. ئێمەیش باوەڕمان وایە و پێشتریش گوتوومانە کە ئەم لەبەر ئەوەی سیاسییە، با لە دەرەوەی پەرلەمان لەبارەیەوە بسازێین، ئینجا پڕۆژەی سازانەکەمان بدەین بە پەرلەمان و لەوێ بە یاسایی بکرێت."
(شەهاب) گوتیشی، "لێرەولەوێ ئەوەی کە پارتی پێشەکەش بە مێزی دانوستانی لایەنەکانی کردووە و خراوەتە سەر پڕۆژەپێشنیازکراوەکانی دیکەی لایەنەکان کە لە پەرلەمانیش گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، ڕاستە کە پڕۆژە نییە، چونکە پڕۆژە دەدرێت بە پەرلەمان و ئێمەیش مەبەستمان بووە وەرەقەی سیاسیی خۆمان بخەینە ڕوو تا پێکەوە لەبارەیانەوە ڕێ بکەوین و، هەمووی بکەین بە پڕۆژەیەک و دواتر لە ڕێی فڕاکسیۆنەکانمانەوە لە نێو پەرلەمان گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێ و بەرگی یاسایی بەبەردا بکرێ."




