٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامانە سرووشتییەکان: ئەجێندا کورتبین و زیانبەخشەکانتان وەلاوەنێن و نەوت وەک فوتبۆڵێکی سیاسی بە کار نەهێنن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان داوا لە هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکات، ئەجێندا کورتبین و زیانبەخشەکانیان وەلاوەنێن و نەوت وەک فوتبۆڵێکی سیاسی بە کار نەهێنن، چونکە ئەمە بووەتە مایەی پەک خستنی توانامان بۆ پاراستنی متمانەی کڕیاران و ‌بەردەوامبوونی وەبەرهێنانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمەکەماندا. سامانه‌ سرووشتییه‌كان هه‌روه‌ها زانیویه‌تی، كه‌ وەزارەتی دارایی نەیتوانیوە رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی وەزیری دارایی بەرپرسیارێتیی دارایی وەربگرێت بەرامبەر هاڵک بانک بۆ گوازتنەوەی پارە بۆ کوردستان، بەهۆی دەستتێوەردانی راستەوخۆی سیاسییەوە بووه‌ لەلایەن حزبەکەی خۆیەوە بۆ ئەوەی پەنجەی لۆمەکردن ئاراستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بکرێت لەسەر دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی حکوومەت.

له‌و راپۆرته‌یدا كه‌ دوێنێ هه‌ینی بلاوی كردووه‌ته‌وه‌، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، سەرەڕای گرفتی گەورەی سیاسی و ئابووری و, کاری تێکدان و دزی لە هێڵی بۆریی هەناردەی نەوتی کوردستان لەناو تورکیادا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان توانیویەتی هەناردەی نەوتی خاو زیاد بکات و، ئەوەندەش داهاتی بەدەست هێناوە کە بتوانێت پلانی حکوومەتی هەرێم بە دی بهێنێت.

سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی فرۆشی راستەوخۆی نەوت (کە بە هاوبەشی لە مانگی حوزەیراندا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەر پێنج حزبە سیاسییەکەی ناو حکوومەتی بنکەفراوان پەسەند کرا) توانای بەخشی بە حکوومەتی هەرێم دەست بکات بە دانی تێچووەکانی حکوومەت و مووچەی فەرمانبەران. هەروەها بشتوانێت دەست بکات بە دانی موستەحەقاتی کۆمپانیا نەوتییەکان تاکو بتوانن بمێننەوە و ئاستەکانی هەناردەی نەوتیان زیاد بکەن، کە زۆر گرینگە بۆ خۆشگوزەرانی ئابووریی هەرێم.

لە ساڵی ٢٠١٤ دا حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو (د. نووری مالیکی) تەواوی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی کە بووە مایەی دروستبوونی قەیرانێکی دارایی گەورە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.

لەو کاتەدا، سەرەڕای توانای سنوورداری هەناردەکردنی نەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بە پشتگیری ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، خێرا هەستا بە دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی بەدیل بۆ هەرێمی کوردستان لە رێگای

١) زیادکردنی توانای گواستنەوەی هێڵی بۆری نەوت،

٢) زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت،

٣) مسۆگەرکردن و وەرگرتنی پارەی پێشینە لە کڕیارانەوە بەرامبەر دابینکردنی نەوت بۆیان لە داهاتوودا.

لە بەرەنجامی راستەوخۆی ئەو رێوشوێنانەی سەرەوە، هەرچەندە مووچەی وەزارەتەکانی حکوومەت نەتونرا لە کاتی خۆیاندا بدرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی لە رووی داراییەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ خۆی لە زۆربەی قەیرانەکە دەرباز بکات. بەڵام هەندێک هۆکاری چاوەڕواننەکراوی تر هاتنە ئاراوە و بەشێوەیەکی یەکجار زۆر کاریگەرییان هەبوو لەسەر دۆخی دارایی هەرێم، وەکو تێچووەکانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و بارگرانی ئابووری بەهۆی نیشتەجێبوونی یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار ئاوارەوە لە هەرێمی کوردستان.

پاشان لە کۆتایی ٢٠١٤ دا، دوابەدوای چەند گفتوگۆیەکی نوێ لەسەر بودجەی حکوومەتی فیدراڵ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان (بە هەر پێنج حزبەکەی ناو حکوومەتی بنکەفراوانەوە) بڕیاریان دا هەلێک بدەنەوە بە حکوومەتی نوێی بەغدا بە سەرۆکایەتیی (د. حەیدەر عەبادی).

هەموو سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان هانی ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەیان دا کە لەگەڵ بەغدادا بەدیهات، کە بەشێوەیەکی گشتی بریتی بوو لە پلانێک بۆ دابینکردنی بڕێکی دیاریکراو لە نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سۆمۆ بەرامبەر تەواوی موستەحەقاتی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٥ کە مانگانە بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێنرا و ئەمەش لە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠١٥ دا چەسپێنرا.

هەرچەندە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان زۆر خۆشحاڵ بوو بە رێکكەوتنەکە لەگەڵ بەغدا، بەڵام چونکە شکستخواردنی هەموو رێكکەوتنەکانی پێشوومان لەبەرچاو بوو لەبەرئەوە گومانمان هەبوو کە ئایا لە واقعدا بەغدا پاپەند دەبێت بە بەدیهێنانی هەموو ئیلتیزاماتە داراییەکانیەوە بەرامبەر بە کوردستان بەپێی رێکەوتنەکە. سەرباری ئەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە تەواوی هاندەری بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ بەردەوامبوون و چالاکانە هەموو ئەوەی مومکین بوو بەجێی هێنا لەپێناوی ئەوەی پلانەکە بۆ هەردوو لا سەربکەوێت.

بەداخەوە، وەک وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێشبینی کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم پێنج مانگی ٢٠١٥ دا تەنها نزیکەی یەک لەسەر سێی موستەحەقاتەکەی لە بودجەی فیدراڵی لە بەغداوە بۆ هات. ئەمەش بووە مایەی خراپتر بوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و بووە هۆی دواکەوتنێکی بەرچاوی مووچەی کارمەندانی حکوومەت لەوانەش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ.

لەبەرئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێشبینیی قوڵبوونەوەی مانگانەی قەیرانەکەی کرد، لە بەهاری ٢٠١٥ دا هەستا بە رێکخستنی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و سەرکردایەتیی سیاسیی پێنج حزبەکەی کوردستان و پەرلەمانتارانی کوردستان و پەرلەمانتارە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ روونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیان لەوەی کە چی لە پێشمان چاوەڕێمان دەکات.

وەزیری سامانە سرووشتییەکان واقعە ئابوورییەکانی ئەو بارودۆخەی روون کردەوە کە رووبەرووی هەرێم بووەتەوە و هانی دان کردار بنوێنن بۆ پشتگیریکردنی ریفۆرمەکانی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان.

وەزیری دارایی، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پشتگیری کرا، پێشەنگ بوو لەمەدا و پلانی ریفۆرمکردنی داڕشت بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکانی حکوومەت و زیادکردنی داهاتی ناپەیوەست بە نەوتەوە لە هەرێمدا.

بەداخەوە، وەزیری دارایی پشتگیریی سیاسی پێویستی بە دەست نەهێنا (بە تایبەتی لە هەندێک بڕیار بە دەستی سەرەکی حزبەکەی خۆیەوە) بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەی ریفۆرمە. بەم پێیە، کەمیی بودجەی بەغدا لەگەڵ خەرجیی بەردەوام زیادبووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە هۆی دواکەوتنی زیاتری مووچەی حکوومەت و پشتگیرییەکان بۆ پێشمەرگە و هێزەکانی تری ناوخۆ.

لە کۆتایی بەهاری ٢٠١٥ دا، ئامادەنەبوون یان نەتوانینی بەغدا بۆ ناردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێمی کوردستان ئاشکرا بوو بۆ حکوومەتی هەرێم و تەواوی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان. بەڵام سەرباری ئەو بەڵگە روون و ئاشکرایانە، سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم هیچ کردارێکی نەنواند بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو واقعە نوێیەی کە بەرەوخراپتر دەچوو.

تەنها لە ناوەڕاستی حوزەیراندا حزبە سیاسییەکانی کوردستان بە نابەدڵیەوە رازی بوون بەو پێشنیارەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە دەمێک بوو پێشکەشی کردبوو بۆ فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتی هەرێم لەپێناو دابینکردنی هیڵێکی ژیانی راستەوخۆ و پێشبینی کراوی ئابووری بۆ هەرێمەکەمان.

ئەو بڕیارە سیاسییە لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا چووە واری جێبەجێکردنەوە. بەرنامەکەش پێکهاتبوو لەمەی خوارەوە:

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەستێت بە زیادکردنی هەناردە بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە لە نەوتی خاوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بە گریمانەی ئەوەی هیچ وەستانێکی دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەت لە بۆری نەوتدا و هیچ دەستێوەردانێکی سیاسی یان پەشیمانبوونەوەیەک لە بڕیارەکە روو نادات.
گریمانەی ئەوە کرا و ئومێد هەبوو کە تێکڕای نرخی بەرمیلێک لە ٥٥ دۆلاردا دەمێنێتەوە بۆ باقی ساڵی ٢٠١٥.
لەبەرئەو گریمانانەی سەرەوە، چاوەڕوان دەکرا مانگانە نزیکەی ٨٥٠ ملیۆن دۆلار بەدی بێت بۆ دانی تێچووە بەردەوامەکان و مووچەی حکوومەت و هەرەوها بۆ دانەوەی مووچە دواکەوتووەکان.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەرپرسیارێتیی دۆزینەوەی کڕیارەکانی نەوتی خاوی پێ سپێردرا و هەروەها داوای لێکرا بگاتە رێکەوتن لەگەڵ کڕیارانی پێشووی نەوتی هەرێمدا بۆ دواخستنی دانەوەی موستەحەقاتەکانی ٢٠١٤یان بەرامبەر پارەی پێشینە تاکو ٢٠١٦ بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مانگانە ٨٥٠ ملیۆن دۆلاری تەواو بەدەست بهێنێت لە ماوەی ٢٠١٥ دا.
گریمانەی ئەوە کرا کە مانگانە ٨٥٠ ملیۆن دۆلار بەس دەبێت بۆ لادانی بڕێک پارە بۆ دانی موستەحەقاتی ئەو کۆمپانیا نەوتیە نێودەوڵەتیانەی کە نەوت هەناردە دەکەن تاوەکو بتوانن ئاستەکانی هەناردەکردن بپارێزن و زیادیشی بکەن، بەمەش داهات زیاتر بکرێت.
هەروەها رێکەوتنیش کرا لەسەر ئەوەی کە وەزارەتی دارایی بەرپرس دەبێت لە وەرگرتنی هەموو داهاتی نەوت لە بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان و هاڵک بانک (لە تورکیا).
لە سەرەتای تەمموزدا، بڕیارێکی تری حکوومەتی هەرێم کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئیمزا کرا، دەسەڵاتی بەخشی بە وەزیری دارایی بۆ بەڕێوەبردنی جوڵەی پارە لە حیسابی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هاڵک بانک.
هەروەها رێکكەوتن کرا لەسەر ئەوەی کە هەموو داهاتێکی تریش، کە ناچێتە سەر حیسابی هاڵک بانک لەبەر هەر هۆکارێک، دەبێت ئاراستەی حیسابی وەزارەتی دارایی بکرێت لە بانكی نێودەوڵەتی کوردستان.
بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەمانەی خوارەوەی ئەنجام دا:

دەستبەجێ گرێبەستی لەگەڵ بازرگان و کڕیاری بە ئەزموونی نێودەوڵەتیی نەوت ئیمزا کرد، ئەمەش پرۆسەیەک بوو لە هەفتەی سێهەمی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی هەرێمەوە پەسەند کرا.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کڕیارانی ناچار کرد مانگانە گەرەنتیی دانی ٨٥٠ ملیۆن دۆلار بدەن بە گریمانەی ئەوەی تێکڕای ئاستەکانی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بەدی دێن.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە ر‌ێكکەوتن هەموو ئەو بازرگانانەی قایل کرد بە دواخستنی وەرگرتنەوەی نەوت لەبەرامبەر پارەکانیان کە پێشینە لە ٢٠١٤دا درابوون تاکو ساڵی ٢٠١٦.
هەرچەندە، لە رووی کرداریەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان رووبەڕووی چەندین وەستانی گەورە بوەوە لە بۆری نەوتەکەدا لەناو تورکیا بەهۆی کاری تێکدەرانە و دزینەوە، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی ئاستەکانی هەناردە و بەفیڕۆچوونی داهات بە بڕی ٥٠١ ملیۆن دۆلار (هەفتەی رابردوو ووردەکاریەکان لەمبارەیەوە بڵاو کرایەوە)، بەداخەوە هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ناوخۆمان، پێدەچوو زۆر ‌هێواش بن لە ئیدانەکردنی ئەو کارە تێکدەرانانە کە روویان دا لە تورکیا تاکو کردەوەی هاوشێوە لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.
کەمیی هەناردەکردن لەلایەن هەرێمەوە کە لە گرێبەستەکاندا رێکكەوتنی لەسەر کرابوو وای لە کڕیاران کرد بتوانن پابەند نەبن بە دانی بڕی ٨٥٠ ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا، بەڵام تەنانەت ئەو کاتەش دووبارە بازرگانەکان قایل کران کە دانی بڕە پارەکان لەو حاڵەتانەشدا نەبڕن.
سەرباری هەموو ئەم گرفتانە، نرخی نەوتی خاو لە ئێستادا بە بەراورد بە نرخەکەی لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا بە نزیکەیی بە رێژەی ٢٠% دابەزیوە.

سەرباری هەموو ئەو کۆسپانەی سەرەوە، ئەم بڕە پارانەی خوارەوە لە ماوەی شەست رۆژدا لە ٢٤ی حوزەیرانەوە بۆ ٢٤ی ئاب دەستەبەرکراون و دەکرێن.

آ) لە ٢٠ی ئابەوە، كڕیارەکانی نەوتی هەرێم بڕی 1.24 ملیار دۆلاریان خستووەتە سەر حیساب لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستان لە بەرژەوەندیی وەزارەتی دارایی – بەدواداچوونکردن لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیی کوردستاندا دەربارەی بەڕێوەبردن و جووڵەی ئەو بڕەپارە وەگیراوانە ئیشی وەزارەتی داراییە.

ب) بڕێکی تر کە بریتییە لە 187.5 ملیۆن دۆلار لە ٢١ی ئابدا لەلایەن کڕیارەکانەوە دەخرێتە سەر هەمان حیساب لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستان (واتە ئەمڕۆ).

ت) بڕێکی تر کە بریتییە لە 125 ملیۆن دۆلار لە ٢٤ی ئابدا دەخرێتە سەر هەمان حیساب لەلایەن كڕیارەکانی نەوتی هەرێمەوە.

پ) واتە کۆی گشتی 1.55 ملیار دۆلار بەدەستهاتووە کە زیاترە لەو بڕەی بەڵێنی لێدرابوو بەپێی ئەو رێکەوتنانەی لەگەڵ بازرگانەکاندا کرابوو سەرباری کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی وەستانەکانەوە و بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی ئەو بەرهەمە پاڵێوراوانەی کە كڕڕاون و لەخوارەوە ئاماژەی پێدراوە.

ج) هەروەها حکوومەتی هەرێم هەستاوە بە كڕینی بەرهەمە پاڵێوراوەکان، کە بایی 134.0 ملیۆن دۆلار بووە بە ئاڵوگۆڕی نەوتی هەناردەکراو بەرامبەر دیزڵ بۆ ویستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان. لەبەرئەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان زۆر باش لەپێش خشتەکەیە بۆ کۆکردنەوەی پارە بە بەراورد لەگەڵ بەرنامە پەسەندکراوەکە سەرباری کۆسپەکان و وەستانەکانی بۆریی هەناردەکردن.

بەڕێوەبردنی پارە و حەواڵەکردنی لەرێگەی بانکی نێودەوڵەتی کوردستان و هاڵک بانکەوە تەنها بە وەزارەتی دارایی سپێردراون. بەڵام وەزارەتی دارایی نەیتوانیوە هەموو داهاتەکانی نەوت بهێنێتەوە ناو هەرێمی کوردستان لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

وەزارەتی دارایی نەیتوانیوە رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی وەزیری دارایی بەرپرسیارێتیی دارایی وەربگرێت بەرامبەر هاڵک بانک بۆ گواستنەوەی پارە بۆ کوردستان. دەوترێت ئەمەش بەهۆی دەستتێوەردانی راستەوخۆی سیاسییەوە بووبێت لەلایەن هەندێ کەسی ناو حزبەکەی خۆیەوە بۆ ئەوەی پەنجەی لۆمەکردن ئاراستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بکرێت لەسەر دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی حکوومەت.
هەروەها چەند کۆسپێکی زانراو هەن دەربارەی هێنانی دۆلار بۆ ناو کوردستان لە کاتی گونجاودا لە رێگەی بانکی نێودەوڵەتیی کوردستانەوە و لە گۆڕینەوەیدا بۆ دینار بۆ پێدانی مووچە. وەزارەتی دارایی سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەم کۆسپانە، و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش هەمیشە ئامادە بووە بۆ هاوکاریکردن گەر پێویست بووبێت.
بە کورتی

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پابەندە بە ئەرکەکانیەوە و بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بە خەڵکی کوردستان.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەسەر بنەمای پیشەیی و تەکنیکی کار دەکات لە هەموو بەشەکانیدا، بە پێچەوانەی ئەو خورافاتانەی کە لە لایەن هەندێک سیاسەتمەدار و میدیاکانیانەوە بڵاو دەکرێنەوە؛ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رێگە بە دەستتێوەردانی حزبی نادات لە کارەکانیدا.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەرگری لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەکات دژی دەستتێوەردانی سیاسی نەگونجاو و پێشەنگە لە زامنکردنی سەقامگیریی ئابووریدا بۆ کوردستان و داهاتووەکەی.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێی وایە وەزیری دارایی ئیشێکی زۆر باش دەکات لە وەزارەتەکەیدا، بەڵام بۆ ئەوەی کاریگەرتر و سەرکەتووتر بێت، نابێت بەهۆی دەستێوەردانی سیاسییەوە کۆسپی بۆ دروست بکرێت بەشێوەیەک ببێتە مایەی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
پێویستە دەستبەجێ وەزیری دارایی پشتگیری بکرێت و رێگەی پێبدرێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی دەربارەی ریفۆرمی ئابووری، و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش شان بە شان ئامادەی هاوکارییە لەم پرۆسەیەدا.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان متمانەی هەیە کە، بە مەرجێک وەستانی گەورە لە هەناردەکردنی نەوتدا روو نەدات ئیدی لەرێگەی کاری تێکدەرانەوە بێت یان لەرێگەی دزیەوە یان لەرێگەی دەستتێوەردانی سیاسییەوە یان لەرێگەی پەشیمان بوونەوەوە لە سیاسەتە پەسەندکراوەکانی هەناردەکردن، ئەوا دەکرێت پێداویستییە دەستبەجێکانی خەڵکی کوردستان بەدی بهێنرێن لە رێگەی فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتەوە.
هەروەها پێویستە دەرگاکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە کراوە بمێننەوە بۆ دایەلۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێ بەرپرسەکانمان لە بەغدا لەسەر دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ هەموو کێشە هەڵپەسێراوەکان سەبارەت بە نەوت و غاز و پەرەپێدانی هاوکاری درێژخایەن.
لە کۆتاییدا، ئەگەر حزبە سیاسییەکانمان پێشتر پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بکردایە بۆ ئەوەی زووتر مامەڵەیان لەگەڵ پابەندنەبوونی بەغدادا بکردایە بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، ئەوا دەمانتوانی بارگرانیی قەیرانە داراییەکە لەسەر هەرێمەکەمان کەمتر بکەینەوە. بەڵام لەم قەیرانەی ئێستادا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوا لە هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکات ئەجێندا کورتبین و زیانبەخشەکانیان وەلاوەنێن و نەوت وەک فوتبۆڵیکی سیاسی بەکار نەهێنن، چونکە ئەمە بووەتە مایەی پەک خستنی توانامان بۆ پاراستنی متمانەی کڕیاران و ‌بەردەوامبوونی وەبەرهێنانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمەکەماندا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار