٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف روشدی: بەشێکی پەرلەمانتاران لەو ئاستەدا نین نوێنەرایەتیی خەڵک بکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(عارف روشدی) دەڵێت، پێویستە لە خولەکانی پێنجه‌می ھەڵبژاردنی پەرلەماندا کەسانێک دەستنیشان بکرێن دانا و ھۆشیارەکانی گەل بن؛ وه‌ك ئه‌و گوتی، بەشێکی ئەندامانی پەرلەمان لەو ئاستەدا نین تا نوێنەرایەتیی خەڵک بکەن، چونکە توانای چارەکردنی کێشەکانیان نییە.

(عارف روشدی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''بە داخەوە لە ئەنجامی بارودۆخی ئێستای ھەرێم و بوونی کێشەی سەرۆکایەتیی ھەرێم لەلایەن کەسانێکەوە كه‌ سەر بە ھەندێک لایەنی سیاسین، ھەڵمەتێک بۆ ناوزراندنی خەڵکێک کە لایەنگری را و بۆچوونەکانیان نین بەرپا بووە، كه‌ خوازیاری سازانن لە نێوان حیزبەکاندا لەپێناو پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی، هه‌ڵبه‌ت ئەو ھەڵمەتەیش دەچێتە خانەی تیرۆری دەروونی و کۆمەڵایەتی و، هه‌روه‌ها له‌به‌ینبردنی رای جیاوازه‌.''

(عارف روشدی) له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یشه‌ كه‌، خاوەنی ئەو جۆره‌ له‌ بیركردنه‌وه‌یه‌، دەبنە ھۆی ڕه‌خساندنی زەوینه‌ی ناتەبایی و لێکترازان؛ ئه‌مه‌یش لەکاتێکدایه‌ كه‌ گەلەکەمان و دۆستانی گەلەکەمان پشتیوانی لە چارەی سیاسی و یاسایی کێشەکان دەکەن، بە شێوەیەکی ھێمن و دوور لە ركابەریی دەمارگیریی حیزبی و ناوچەگەری.''

ئەو راوێژکارەی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌، ''پێویستە لە خولی پێنجه‌می ھەڵبژاردنی پەرلەماندا کەسانێک دەستنیشان بکرێن، دانا و ھۆشیارەکانی گەل بن؛ لەگەڵ رێزم بۆ کەسە باشەکانی نێو پەرلەمان، به‌ڵام چ بكه‌ین كه‌ بەشێک لە ئەندامانی ئێستای پەرلەمان لەو ئاستەدا نین نوێنەرایەتیی خەڵک بکەن و توانای چارەکردنی کێشەکانیان نییە، له‌بری ڕۆڵبینی له‌ چاره‌ی كێشه‌كانیش، گوتار و پەیامی زبر و ناھاوسەنگ بڵاو دەکەنەوە.''

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار