توركیا، وادەی ههڵبژاردنەکانی پێشوهختەی دیاری كرد

ئانكارا-KDP.info- كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رەشنووسێكی ئاراستەی حزبەكان كردووە و، تێیدا یەكی تشرینی دووەمی داهاتووی وەك وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێشنیاز كردووە، تا ئەوانیش تاوتووی بكەن و رای خۆیانی لەسەر دەربڕن.
چەند رۆژێك ماوە ئەو 45 رۆژە كۆتایی بێت كە بۆ پێكهێنانی حكوومەت دیاری كراوە، هەربۆیە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەگەرەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كارەكانی بۆ ئامادەكاری بەو مەبەستە خێراتر كردووە.
لەو چوارچێوەیەدا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ساڵنامەیەكی ئامادە كردووە و تێیدا ئاماژەی داوە كە دەستەڵاتی كورتكردنەوەی ئەو 90 رۆژەی هەیە، كە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەماندایە و، بەوپێیە لە ماوەی 60 رۆژدا ئامادەكارییەكان تەواو دەكات.
لە ساڵنامەكەدا كۆمسیۆن پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات لە رۆژی یەكشەممە یەكی تشرینی دووەمی دابێ، ماوەكانی وەك ماوەی سكاڵا و ناڕەزاییەكان و ناو تۆماركردنی كاندیدەكان كورت كراونەتەوە.
رەشنووسەكە پێشكەشی نوێنەرانی چوار حزب كراوە. بڕیارە ئەو نوێنەرانە لەگەڵ بەرپرسانی خۆیان تاوتووی بكەن و ئەگەر ناڕەزایی یان پێشنیازێكیان هەبوو، ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی دەكەن.
دواتر لە سۆنگەی پێشنیازەكانەوە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وادەی هەڵبژاردنەكە رادەگەیەنێت.
ئانادۆلو




