٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەگەر مالیکی لە پۆستەکەیدا مابێته‌وه‌، پێویستە حەسانەی لێ بستێندرێته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر (نووری مالیکی) هێشتا لە پۆستەکەیدا مابێته‌وه‌، پێویستە پەرلەمان حەسانەی لێ وەرگرێتەوە بۆ ئەوەی به‌ هۆی تۆمه‌تبارییه‌كه‌ی له‌ پرسی کەوتنی مووسڵ بدرێتە دادگا.

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ئەمڕۆ ناوەکانی ھۆکاری کەوتنی مووسڵ رەوانەی دادگا دەکرێن و، ئێمەش وەکو پەرلەمان بەردەوام دەبین له‌ بەدواداچوون بۆ ئەوەی به‌ سزای خۆیان بگه‌ن.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) گوتیشی، ئەگەر تاوەکو ئێستا (نووری مالیکی) له‌ پۆستی جێگری سەرۆککۆماری عێراقدا مابێته‌وه‌، پێویستە لە پەرلەمان حەسانە لەسەر ھەڵبگیرێت، ئەوکات دادگایی بکرێت، بەڵام پێویستە حکوومەت ئەوە یەکلایی بکاتەوە كه‌ داخۆ لە پۆستەکەی ماوە یاخود لادراوە، چونکە ئەگەر لە پۆستەکەی نەمابێت پێویست بەوە ناکات حەسانەی لەسەر ھەڵبگیرێت.

گوتیشی، ئەگەر لە پۆستەکەی مابێته‌وه‌ دادگا داوا لە ئێمە دەکات حەسانەی لێ وەرگرینەوە، ئەوکات ئێمەش ئیمزا کۆ دەکەینەوە و من یەکەم کەس دەبم ئیمزا بکەم تا هه‌رچی زووه‌  بدرێتە دادگا.

بەپێی راپۆرتی لیژنەی کەوتنی مووسڵ لە لیستی ناوی تاوانباراندا (نووری مالیکی) تاوانباری سەرەکییە کە ھۆکاری کوتنی مووسڵ بووە و، ئەو راپۆرتەش لە پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کراوە.

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار