سهرۆككۆماری پێشووی پۆڵۆنیا، هیواخوازه بەم نزیکانە بێته ههرێم

پۆڵۆنیا-KDP.info- سهرۆككۆماری پێشووی پۆڵۆنیا له دیدارێكی لهگهڵ نوێنهری حكوومهت له وڵاتهكهیان ڕایگهیاند، كه هیواخوازه له ماوهیێكی نزیكدا بێته ههرێم، ئهوهیشی خسته ڕوو كه دهیهوێ ڕابهرایهتیی ههڵمهتێك بكات له وڵاتهكهی كه پێوهست بێ به ناساندنی زیاتری كورد له پۆڵۆنیا.
بە بۆنەی ڕووداوەکانی ئەو دواییەی کوردستان و پرسی دەوڵەتی کوردان، (زیاد ڕەئووف) نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا چاوپێکەوتنێکی ئەنجام دا لەگەڵ سەرۆكکۆماری پێشووی پۆڵۆنیا (ئـەلێکساندەر کفاشنێڤسکی).
لە کۆبوونەوەکە، بارودۆخی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسیان لێوە کرا، بە تایبەتی تیشك خرایە سەر دۆخی بەرەکانی جەنگی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر ڕووداوەکانی ئەو دواییەی سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لە کوردستانی عێڕاق و بارودۆخی سەر سنوری نێوان تورکیا و سوریا و عێڕاق. دواتر ئاخاوتن ئەنجام درا لەبارەی ئەگەرەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە کوردستانی عێڕاق.
هەروەها نوێنەری حکوومەت بارودۆخی ئاوارەکانیشی هێنایە بەرباس. تیشكی خستە سەر ئەو بەرپرسیارێتیە زۆرەی کە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بووە بە هۆی هاتنی شاڵاوی زۆری ئاوارەکان. زیاد ڕەئوف ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامی یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەکان و هاوکاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە کرد، کە وەکو تاکە هێزی کاریگەر ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوه.
سەرۆك کفاشنێڤسکی هاوڕا بوو لەگەڵ بۆچوونەکانی نوێنەری حکوومەت، هەروەها ویست و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی زانیاری لە بارەی کوردستان لە نێوەندی سیاسی و خەڵکی پۆڵۆنیا. هەروەها ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ ناردنی یارمەتی مرۆیی و گەیاندنی بە ئاوارە و لێقەوماوانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان.
سەرۆك هەروەها خواستی خۆی نیشان دا بۆ ڕێکخستنی پانێڵ و گوتوێژ لە بارەی کوردستان، کە خۆی بیباتە ڕێوە. لە کۆتاییدا هیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.




