"كوردستان لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر پێویستی بە هەستكردن بە بەرپرسیارەتیی نیشتمانییە"

(د. پشتیوان سادق) ڕایگەیاند، ئەوەی كە ئێستا كوردستان لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر پێویستی پێیەتی، هەستكردن بە بەرپرسیارەتیی نیشتمانی و بوونی پسپۆڕییەكانە و، دەبێت قوتابییەكانمان هەر وەك باڵیۆز و نوێنەری خەڵكی كوردستان، جۆرێك لە لۆبی دروست بكەن و هەوڵ بدەن ئازار و خەم و مێژووی كوردستان و وڵاتیان بە خەڵكی بیانی بناسێنن.
(د. پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە قوتابیانی كوردی نێردراو بۆ وڵاتی ئیتاڵیا كرد و، لەسەر كێشە و گرفتەكانی خوێندن و نیشتەجێبوونیان لەو وڵاتەدا، گفتوگۆیان كرد.
وەزیری پەروەردە سەرەتا باسی گرینگیی خوێندنی لە ئیتاڵیا كرد و گوتی: "بۆ ئێمەی كورد زۆر گرینگە كە ڕۆڵەكانمان بتوانن لە دەرەوەی وڵات و ئازادانە بخوێنن و بگەڕێنەوە نیشتمان بۆ خزمەتی زیاتری كوردستان. ئەوەی كە ئێستا كوردستان لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر پێویستی پێیەتی، هەستكردن بە بەرپرسیارەتیی نیشتمانی و بوونی پسپۆڕییەكانە و دەبێت قوتابییەكانمان هەر وەك باڵیۆز و نوێنەرێكی خەڵكی كوردستان جۆرێك لە لۆبی دروست بكەن و هەوڵ بدەن پەیوەندییەكانیان ئینسانیانە و كوردانە بێت و ئازار و خەم و مێژووی كوردستان و وڵاتیان بە خەڵكی بیانی بناسێنن."
دواتر چەند قوتابییەك باسی لایەنە ئەرێنییەكانی خوێندنیان لە وڵاتی ئیتاڵیا كرد. نوێنەرێكیشیان گوتی: "ئێمە لە فەرهەنگ و تایبەتمەندییەكانی وڵاتی ئیتاڵیا سوودی زۆرمان وەرگرتووە، ئەوە جگە لەوەی كە زمانەكەیش فێر دەبین و دەتوانین لە داهاتوودا كاری باشتر هەم بۆ وڵاتی ئیتاڵیا و هەمیش بۆ كورد بكەین."
ئەوان هەروەها كۆمەڵێك كێشەیان هەبوو كە لەگەڵ وەزیری پەروەردەدا هێنایانە گۆڕێ وەك كێشەی هاتوچۆ و دەرماڵە و نەبوونی بیمەی تەندروستی و خراپیی مامەڵەی خەڵكی ئەو گوند و شارۆچكانەی كە قوتابییەكانی لێیە و، وەزیری پەروەدەیش لە ئاست داواكاریی قوتابییەكاندا خەمخۆری و بەرپرسیارەتیی خۆی دەربڕی و بەڵێنی پێ دان بۆ چارەكردنی گرفتەكانیان لەگەڵ ئیتاڵیاییەكاندا دابنیشێت.
ئومێد بابان




