کوتلەی نەھزە داوا دەکات پارێزگاری نوێی مووسڵ دیاری بکرێت، کوردیش رەتی دەکاتەوە

مووسڵ-KDP.info- هێشتا کەیسی پارێزگاری مووسڵ لەدادگا یەکلا نەبووەتەوە و، کوتلەکەی نەهزەیش پەلەیانە کەسێکی دیکە لە جێگەی ئەو بۆ پۆستی پارێزگار دیاری بکەن، بەڵام کورد ئەوە رەت دەکاتەوە و باس لەوە دەکات ناکرێت ھێشتا کەیسی پارێزگاری پێشوو نەکلا نەکراوەتەوە کەسێکی دیکە بکرێتە پارێزگار، چونکە ئەگەری ئەوە ھەیە لە بەرژوەندیی ئەو کەیسەکە یەکلا ببێتەوە، ئەوکات ناکرێت دوو پارێزگار ھەبن.
سەرۆکی فراکسیۆنی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ(سەیدۆ چەتۆ)بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: کوتلەکەی پارێزگار (ئەسیل نوجەیفی) بە ناوی نەھزە، ١٨ ئیمزایان کۆ کردەوە بۆ ئەوەی دەرگای کاندیدکردن بۆ پۆستی پارێزگار بکرێتەوە، بەڵام ئێمە رەتمان کردەوە لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا کەیسی پارێزگار لە دادگا یەکلا نەکراوەتەوە.
(سەیدۆ چەتۆ) گوتیشی، پێش ئەوەی کەیسی پارێزگار لە دادگا یەکلا بکرێتەوە، ناکرێت دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پارێزگاری نوێ بکرێتەوە، چونکە بەپێی یاسا پێویستە ئەو کەیسە یەکلا بکرێتەوە ئەوکات دەرگای خۆکاندیدکردن بکرێتە، چونکە ئەگەر ئەوە ھەیە کەیسەکە لە بەرژوەندیی پارێزگاری پێشوو یەکلا بکرێتەوە، ئەوکات ناکرێت دوو پارێزگار ھەبێت.
(چەتۆ) ڕوونیشی کردەوە، ئێمە وەکو کورد جارێ رازی نابین دەرگای خۆکاندیدکردن بکرێتەوە تا ئەوکاتەی کەیسە لە دادگا یەکلا دەکرێتە، چونکە پێچەوانەی یاسایە و ئێمە لەگەڵ یاساداین ھەر بڕیارێک بدات.
ماوەیەک پێش ئێستا پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پارێزگاری مووسڵ (ئەسیل نوجەیفی)ـیان لەسەر کار لابرد و، دواتر کەیسەکەی رەوانەی دادگای فیدرالی کرا، بەڵام دادگای فیدرالی باسی لەوەکرد پێویستە ئەو کەیسە لە داگای ناوخۆی یەکلا بکرێتەوە نەک فیدراڵی.
بڵند ئیبراھیم




