گه‌لى ڕۆژئاوای كوردستان داوای پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه ده‌كه‌ن

هه‌ولێر -KDP.info-ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تیى (پارتیى دیمو‌كراتى کووردستان ـ سووریا) ئاماژه ده‌كات گه‌لى ڕۆژئاواى كوردستان پشتگیرى له چوونى هێزى ڕۆژئاوا ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌وه و ناوچه‌ى خۆیان بپارێزن له ده‌ستى دوژمن.
(سه‌عید عومه‌ر) ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ـ سووریا به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیمو‌كراتى كوردستانى ڕاگه‌یاند: "به هه‌زاران گه‌نجى ڕۆژئاواى كوردستان ناوى خۆیان نووسیوه له ناو هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان به مه‌به‌ستى پاراستنى خاك و نیشتمانى خۆیان له ده‌ستى دوژمن."
دەیشڵێت: "ئه‌و هێزانە ڕۆڵه‌ى ئه‌و نیشتمانه‌ن؛ بۆیه ده‌بێت ڕێگایان پێ بدرێت بچنه‌وه بۆ ڕۆژئاواى كوردستان و، له‌وێ به‌رگرى له خاكى خۆیان بكه‌ن، وێڕاى ئه‌وه‌ى كه ئه‌و هێزانه پشتگیرییەکی به‌هێزى خه‌ڵكى ڕۆژئاوایان له‌گه‌ڵدایه و ده‌بێت ڕێز له ئیداره‌ى خه‌ڵك بیگرێت، چونكه ئێستا به‌شێكى زۆرى خاكى ڕۆژئاواى كوردستان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه، به تایبه‌تى هێرشه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى كۆبانێ ئه‌و ڕاستاییه‌ى سه‌لماند كه گرنگه پێشمه‌رگه‌ى ڕۆژئاوا به‌شدارى له ئازادكردنه‌وه‌ى نیشتمانى خۆیان بكه‌ن".
گوتیشى: "ئێمه به هه‌موو هێز و توانامانه‌وه پشتی ئه‌و هێزانه ده‌گرین، چونكه هەم هێزێکى نیشتمانین و هەمیش هێزێكی مه‌شقدیدەن، كه ئه‌مه‌ش له هێزه‌كانى دیكه‌ى حزبى جیا ده‌كاته‌وه و گه‌لی ڕۆژئاوایش داوای ئه‌و پێشمه‌رگانه ده‌كه‌ن".
هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه (کاوە ئازیزی) ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه) له لێدوانێكی پێشووتری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هێشتا بە فەرمی ھیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەکانیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، تا بەرگری لە خاکی خۆیان بکەن، بەڵام بەم نزیکانە ئه‌و پێشمه‌رگانه ده‌ربازی ڕۆژئاوا ده‌كرێن، چونكه ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌و کارە له‌سه‌ر هێڵه".
كارزان هه‌ورامى




