ئێتاڵیا ئامادەیە لە هەموو بوارەكاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات

ههولێر-KDP.info- (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، ڕێز و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئیتاڵیا دووپات كردەوە، كە لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا یەكەم سەرۆكوەزیران بوو سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ پشتگیری و هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان.
ئێوارەیەكی درەنگی ئەمڕۆ چوارشەممە 15/7/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو (ڕۆبێرتا پینۆتی) وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە كۆنسووڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و سوپاسالار و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیبلۆماسی و سەربازیی ئیتاڵیا پێكهاتبوو.
لە دیدارێكدا كە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، خاتوو (پینۆتی) وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیران پیشان دا و، پێزانینی خۆی و حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە بەركانی جەنگدا و بەرگریكردن و پاراستنی پێكهاتە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. ڕاشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ناسنامەیەكی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان بە دەست هێناوە و پێشمەرگەش بەرگریی لە شارستانییەت دەكات.
هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاوكارییكردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، دەربڕی و ڕۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی لە حەواندنە و هاوكارییكردنی ئاوارە و پەنابەران بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندی یاوەری، ڕێز و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئیتاڵیا دووپات كردەوە، كە لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا یەكەم سەرۆكوەزیران بوو سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ پشتگیری و هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان.
هەروەها باسی لە ڕۆڵی ئیتاڵیای لە پشتگیریكردنی سەربازیی پێشمەرگەی كوردستان و هاوكارییە مرۆییەكانی بۆ حكوومەتی هەرێم و ئاوارە و پەنابەران كرد و لەمبارهیەشەوە سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئیتاڵیا دووپات كردەوە.
لە كاتی گەیشتنی بۆ هەرێمی كوردستان لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر خاتوو (ڕۆبێرتا پینۆتی) وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندی یاوەری لەلایەن (مستەفای سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نویێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا پێشوازییان لێ كرابوو.




