ھێزهكانی پێشمەرگە: کە ئێمه سنگمان قهڵغانی پاراستنی ههرێمه، پهرلهمانتار چهكی بۆ چییه؟

ههولێر -KDP.info- هێزهكانی پێشمهرگه نیگهرانن لهوهی چهك بۆ پهرلهمانتارانی كوردستان بكڕدرێت و ڕایدهگهیێنن ئهوه ئیمهین كه سنگمان كردووهته قهڵغان بۆ بهرگری له ههرێمی كوردستان، ئاخر ئهندامپهرلهمان چهكی بۆ چییه كه بایی نیو ملیۆن دۆلار چهكی بۆ بكڕدرێت.
بە واژۆی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە بۆ پێدانی ١١١ چەکی کڵاشینکۆف، ١١١ دەمانچە، ١٣ھەزارو٢٠٠ گوللەی کڵاشینکۆف، ٤٤٤ مەخزەنی دەمانچە و ٣٣٠٠ فیشەکی دەمانچە؛ وەزارەتی پێشمەرگەیش ڕەزامەندیی لەسەر دەربڕیوە. فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیێنێت: "ئەو چەک و پێداویستییە سەربازیانەی کە لەلایەن سکرتێری پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ پەرلەمانتاران داوا کراوە، ڕەت دەکەینەوە و وەریان ناگرین." ھێزی پێشمەرگەیش خەمی ئەو بەزمەیان لێ نیشتووە؛ دەڵێن: "با پەرلەمان لە خەمی ھێزی پێشمەرگەدا بێت کە سینگی خۆی کردووەتە قەڵغان بۆ بەرگری لە ھەرێمی کوردستان، نەک بایی ٥٠٠هەزار دۆلار چەک بۆ پەرلەمان بکڕن."
عەمید (عێزەدین سندی) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمان جارێ با دۆخی پێشمەرگە و ھاووڵاتیان ڕەچاو بکات و، بیر لە چارەکردنی کێشەی ئەو خەڵکە و ھێزی پێشمەرگە بکەنەوە؛ وا پێشمەرگە سینگیان کردووەتە قەڵغان بۆ پاراستنی گەل لەو نەهامەتییە ڕووی تێ کردوونە؛ ئەو هەموو شەھید و بریندارەی لەپێناوی پاراستی کوردستاندا داوە."
عەمید (عێزەدین سندی) گوتیشی، پەرلەمان وا باشە چەکی زیاتر و خواردنی باشتر بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین بکات، نەک چەک بۆ خۆیان بکڕن؛ وا لە سایەی ھێزی پێشمەرگەدا دنیا ھەرێمی کوردستانی ناسی."
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر ھێزی پێشمەرگە پڕ چەک بێت و ھیچ کێشەیەکی نەبێت پەرلەمان خۆی پارێزراوە و، کێشەی نییە؛ جا بە ڕای من ھیچ پێویست ناکات پەرلەمان چەکی بۆ بکڕدرێت.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لیوا (موسلح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە چەک ھەیە نەک پەرلەمان بکردرێت؛ ھەرێمی کوردستان بە پەرلەمانەکەیشیەوە لە سای پێشمەرگەوە پارێزراوە، چ پێویست بەوە دەکات بایی ٥٠٠هەزار دۆلار چەک بۆ پەرلەمان بکڕن؟"
لیوا (موسلح زێباری) کە ماوەیەک خۆی لە کۆبانێ شەڕی داعش کردووە گوتیشی، ئا لەو دۆخەدا ئەو پارەیە بدرێت بە چەک و تەقەمەنی بۆ بەھێزکردنی پێشمەرگە باشترە و زۆر زەرورترە، چونکە پێشمەرگە وا خەریکە شەڕی داعش دەکات.
ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگە دەیشڵێت: "ھێزی پێشمەرگە ھەرێم و ھاووڵاتیان و تەنانەت ئەندامانی پەرلەمانیش دەپارێزێت، بۆیە پێویست ناکات ئەو پارە زۆرە بدرێتە چەک بۆیان."
بڵند ئیبراھیم




