ژاپۆن: پێشمهرگه تەنیا هێزی سەركەوتوو و كاریگەرە له بهرپهرچدانهوهی تیرۆردا

ههولێر-KDP.info- له دیداریدا لهگهڵ (مهسعوود بارزانی)سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆكوەزیرانی پێشووی ژاپۆن (یووكی ئۆكاتۆمۆ)، پێشمەرگەی بە تەنیا هێزی سەركەوتوو لە قەڵەمدا كە كاریگەرانە ڕووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە و، ڕۆڵی گێڕاوە لە پاراستنی ئاساییشی جیهان. ههروهها گوتی، وڵاتهكهی بایەخێكی زۆر بە كوردستان دەدات و، ئامادەیی تەواویشی هەیە كە بەشدارییەكی كارای لە یارمەتیدانی كەرتی گشتی و تایبەتی كوردستاندا هەبێت.
ئهمڕۆ سێشەممە و لە سەڵاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (یووكی ئۆكامۆتۆ) سیاسەتمەداری ناودار و ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆكوەزیرانی پێشووی ژاپۆن و شاندێكی یاوەری كرد كە لە (كازۆیا ناشیدا) باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ژاپۆن پێك هاتبوو.
لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆكوەزیرانی پێشووی ژاپۆن پیرۆزبایی لە (سەرۆك بارزانی) كرد بە بۆنەی ئەو پێشكەوتنەی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستاندا لە بواری جۆراوجۆر هاتووەنهتە ئاراوە. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بایەخێكی زۆر بە كوردستان دەدات و، ژاپۆن ئامادەیی تەواوی هەیە كە بەشدارییەكی كارای لە یارمەتیدانی كەرتی گشتی و تایبەتی كوردستاندا هەبێت.
ئهو سیسهتمهداره ناودارهی ژاپۆن هەروەها گوتی، وڵاتی ژاپۆن بە نیگەرانییەوە سەیری بارودۆخی ئاساییشی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان دەكات و، ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی پێكهاتەكان بە ئازایەنە و نیشتیمانپەروەرانە وەسف كرد.
(یووكی ئۆكاتۆمۆ) سیاسەتمەداری ناوداری ژاپۆنی، پێشمەرگەیشی بە تەنیا هێزی سەركەوتوو لە قەڵەمدا كە كاریگەرانە ڕووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە و، ڕۆڵی گێڕاوە لە پاراستنی ئاساییشی جیهان.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن لە بواری سیاسی و ئابووری و كەرتی كشتوكاڵ و، ئەوەیشی خستەڕوو كە لە كوردستان دەرفەتی زۆر باش هەیە كە سوود لە توانا سرووشتییەكان وەربگیرێت و پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ بدرێت.
(سەرۆك بارزانی) هاوكات ڕۆشنایی خستە سەر شەڕی دژی داعش و جەختی كردەوە، كە داعش ڕێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانییە و هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو لایەك، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی هەمەلایەنەی پێویستە.




